راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات لەگەڵ هەندێك لە كۆمپانیاكان لە پەیوەندیدان بۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی كوالێتی بەرز بۆ ئەوەی بكرێن بە تەكسی.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند پەیوەندیدان بۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی كوالیتی بەرز بۆ ئەوەی بكرێت بە تەكسی و بە قیستی درێژخایەن بە هاووڵاتییان دەدرێت.
لەبارەی جۆری ئەو تەكسییانە، میرانی بەمیدیاكانی نزیك پارتی راگەیاندووە، دەیانەوێت جۆری ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزبن كە خاوەنی كوالێتی بەرزبن و دۆستی ژینگەبن بۆ ئەوەی شوێنی ئۆتۆمبێلە تەكسییە كۆنەكان بگرنەوە و سەرنشینانیش زیاتر هەست بە سەلامەتی بكەن لەكاتی گواستنەوەیاندا.
وتیشی:" جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەهێندرێت دەبێت لەژێر رۆشنایی رێنماییەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و داریی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت كە ئاماژە بە جۆر و رێكخستن كاروبارەكانی هێنانی ئۆتۆمبێل بۆ هەرێمی كوردستان دەكات."
هێمن میرانی باسی لەوەشكرد، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەبەردەستیاندایە، دوای گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكانی هێنانی ئۆتۆمبێل، دەیانەوێت شێوازی كڕینی ئۆتۆمبێلەكان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەشێوەی قیستی درێژخایەن بێت و ئەو خاوەن تەكسیانەی ئۆتۆمبێلەكانیان كۆنە، ئۆتۆمبێلە تەكسییەكانی خۆیان دەكەنە قوربانی و هەمان ژمارەش بۆ ئۆتۆمبێلە تەكسییە نوێیەكەیان دەبەسترێت.