چەکی بێ مۆڵەت، قەیرانی بۆ هەولێر و بەغدا دروست کردووە

ڕاپۆرت

12/01/2023     ژمارەی بینراو 299

راچڵەکین –

لە رابردوودا، عیراق و هەرێمی کوردستان بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕیوون، ئەمەش وای کردووە کە چەک بکەوێتە دەست هاووڵاتییان و لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی چەک، رۆژانە ئامارەکانی تاوان و کوشتن روو لە هەڵکشاندایە.

لە عیراق چەندین گرووپی جۆراوجۆر هەن کە زۆرترینیان شیعە مەزهەبن و ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی یاسا چەکیان لەژێر دەستدایە و بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی یەک ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت لەدەست هاووڵاتییاندا هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵک و حکومەت، چونکە کۆنترۆڵکردن ئەستەمە و زۆرجاریش لە ناکۆکییەکان و شەڕی نێوان هۆز و تیرەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ چەک دەبردرێت.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراق بە بڕیای فەرمانڕەوای مەدەنی ئەمریکا لە عیراق، پۆل بریمەر وای کرد کە چەک و جبەخانەیەکی زۆر بکەوێتە دەست کۆمەڵێک میلیشا، گرووپی عەشایەری و تیرۆریستان، تەنانەت هاووڵاتییانیش. دواتریش لە ساڵی ٢٠١٤ و لە میانی پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش و فەتوای مەرجەعی باڵای شیعەکان، عەلی سیستانی بۆ کۆکردنەوەی هێزی جەماوەریی دژبە تیرۆریستانی داعش، جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆر لە چەک کەوتە دەست هاووڵاتییان.

بە درێژایی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق لە ٢٠٠٣ بەدواوە، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و بنبڕکردنی ئەو دیاردەیانداوە، بەڵام هیچکام لە کابینەکان لەم هەوڵەدا سەرکەوتوو نەبوون، دواترینیشیان لە میانی دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سوودانی لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، بەڵێنی دا کە لە میانی ٩٠ رۆژدا، هەموو ئەو چەکە بێ مۆڵەتانەی کە لە عیراق هەن کۆی دەکاتەوە، بەڵام رێک دوای ٩٢ رۆژ و لە ئێوارەی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، شەڕێکی سەخت لەنێوان دوو تیرەی ھۆزێک لە پارێزگای میسان رووی دا و بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی پارێزگاکە لە ئاکامی بەکارهێنانی چەکی سووک و مامناوەند، حەوت کەس لە شەڕەکەدا کوژران، بۆیە تا ئێستاش ئەم بابەتە بە کراوەیی ماوەتەوە و بەشێک لە لایەنەکانیش چاودێری بەڵێنەکەی سوودانی دەکەن.

ئەگەرچی پرسی کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت لە عیراق بابەتێکی گەرمە، بەڵام هەموو هەوڵەکان تا ئێستاش بێ سوود بوون، چونکە ئەم هەنگاوە پێویستی بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکان و هۆزەکان هەیە بە تایبەت پێکهاتەی شیعە کە زۆرترین گرووپی چەکداریی دەرەوەی یاسایان هەیە لە عیراق و هەریەک لە سوپای مەهدی و رێکخراوی بەدر لە دوو گەورەترین گرووپە چەکدارییەکانی عیراقن، بەڵام بەشێک لەوانەی کە لە دەسەڵات و ناوەندی بڕیاردان، بە پاڵپشت و دەنگی هۆزەکانەوە بەرپرسیارییەتییان گرتووەتە دەست، هەر بۆیەش هەنگاونانی کردەیی لەم دۆسیەیەدا ئەستەمە و هەموو هەوڵەکان ناتوانن لە چوارچێوەی بەڵێندا ببنە کردار.

هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عیراق لەم دیاردەیەدا بێبەش نییە، بەڵام رێژەی تاوان و شێوازی بەکارهێنانی چەک جیاوازترە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی نوێی گرتووتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر هەزار و ٣٧٣ چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە.

ساڵی ٢٠٢٢ ئەو ساڵە بوو کە یاسای ژمارە دووی چەک لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچوو، هەروەها ژمارەیەک بڕیاریش بە مەبەستی داماڵین و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەرچوو، دواترین هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەستنیشانکردنی ٤٢ بنکەیە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکە بێ مۆڵەتانەی کە لەدەست هاووڵاتییاندایە و ئەم هەوڵەی وەزارەتی ناوخۆش لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت و لەدوای ئەو بەروارەوە، هەر چەکێکی نا تۆمارکراو وەک چەکی یاساغ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ تا کۆتایی مانگی حوزەیران، ٨٥٠ چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەرداگیرابوو، دواترینیشیان چەکی ئەو قوتابییەی زانکۆ بوو کە لە رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ هەڵسا بە کوشتنی راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر کاوان ئیسماعیل و مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ئیدریس عزەت حەمەخان ئەمەش وای کرد کە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕیاری داخستنی بازاڕی چەکفرۆشان بدات و تا ئێستاش بازاڕەکانی چەکفرۆشان بەداخراویی ماونەتەوە.

هەر بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران لە سەرەتای مانگی تەمووز تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، هێزە ئەمنییەکان لە رێگای بازگە جیاوازەکانەوە دەستیان بەسەر ٥٢٣ چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە و بەم پێیەش لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەزار و ٣٧٣ چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە میانی ساڵی ٢٠٢١دا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەزار و ٥١ چەکی بێ مۆڵەت و لە میانی ساڵی ٢٠٢٠شدا، دەستیان بەسەر ٦٦١ چەکی بێ مۆڵەتدا گرتبوو.

لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا، بەهۆی سێ رووداوی جیاوازەوە، بوونی چەکی بێ مۆڵەت رووی لە هەڵکشان کرد، ئەوانیش بریتیین لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، جەنگی عیراق و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا کە چەکێکی زۆر کەوتە دەست هاووڵاتییان، دواتریش مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی لە بازاڕەکانی چەکفرۆشانەوە پێوە دەکرا و ئەمەش وای کرد کە هەموو کەسێک بە ئاسان چەکی دەست بکەوێت و لەم چوارچێوەیەشدا رێژەی تاوان ساڵانە رووی لە هەڵکشان کرد بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، ٢١٥ رووداوی کوشتن و ٢١٢ حاڵەتی تەقەکردن تۆمارکراوە.

AA

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن