سوودانی: دەبێت پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجە

عێراق

19/01/2023     ژمارەی بینراو 306

راچڵەکین –

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی دوایین وردەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام درا.

بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عیراق، پێویستە حکومەت ساڵانە تا ١٥ی مانگی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ئامادە بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕبووە و تا ئێستا پرۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکراوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی دوایین وردەکارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ٢٠٢٣ی کردووە.

سوودانی جەختیکردەوە کە دەبێت پەلە بکرێت، لە پەسەندکردنی بودجەی عیراق.

وەزارەتی دارایی عیراق، بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ی ئامادەکردووە کە ١٤٠ تریلیۆن دینارە (٩٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی).

پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، موعین کازمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا راگەیاندبوو کە ئەگەر بەم زووانە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت، ئەوا لیژنەی دارایی تاوتوێی دەکات و دواتر خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت لە کۆتایی مانگی شوباتدا، دەخرێتە دەنگدانەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن