ئەمریكا؛ دوو هێرشی چەكداری 12 قوربانیان لێدەكەوێتەوە

جیهان

24/01/2023     ژمارەی بینراو 100

راچڵەكین-

لە دوو هێرشی چەكدارییدا بۆسەر دوو نەمامگە لە ناوچەی سان ماتیۆ سەربە ویلایەتی كالیفۆرنیا لە باشووری رۆژئاوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، حەوت كەس كوژران.

نووسینگەی پۆلیسی ناوچەی سان ماتیۆ بڵاویكردەوە، لە هێرشێكی چەكدارییدا چوار كەس كوژراون و كەسێكی دیكەیش بریندار بووە. لە هێرشێكی دیكەشدا لە دووری چەند كیلۆمەترێك لە شوێنی رووداوی یەكەم، سێ كەس كوژراون و چواری دیكەش برینداربوون.

لە تویتێكدا كە لە هەژماری نووسینگەی پۆلیسدا بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە كراوە كەسێكی تەمەن ٦٧ ساڵ بەناوی ژائۆ چونلی بەتۆمەتی تێوەگلانی لە هێرشەكان دەستگیركراوە.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، تۆمەتباری ئەو هێرشانەی تیایدا حەوت كەس كوژراون و پێنجی دیكەیش برینداربوون لە پاركێكی وەستانی ئۆتۆمبێلدا بە چەكەوە دەستگیركراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەكە، كریستینا كۆرپوس لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە كرد، قوربانییانی نەمامگەكان بە هاورێی ژائۆ چونلی ئەژمار دەكرێن.

كریستینا كۆرپوس لە كاتێكدا وردەكاری سەبارەت بە رووداوەكە بڵاونەكردەوە، باسی لەوە كرد كە رەنگە كرێكارانی شوێنی رووداوەكە گەواهیدەری هێرشە چەكدارییەكە بن.

كۆتایی هەفتەی رابردوو، لە شاری لۆس ئەنجلس لە میانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكانی ساڵی نوێ بەپێی رۆژژمێری مانگیی كە هەزاران كەس بەشدارییان كردبوو، هێرشی چەكداریی روویدا و بەهۆیەوە ١١ كەس كوژران، بەوەش لە ماوەی سێ رۆژدا لە كالیفۆرنیا ١٨ كەس لە هێرشی چەكدارییدا كوژراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن