پێنج كەس لەسەر گەندەڵیكردن لەدروستكردنی منارەی مزگەوت دەستگیركران

عێراق

24/01/2023     ژمارەی بینراو 178

راچڵەكین-

دەستەی دەستپاكی لەعیراق رایگەیاند، دوو بەرپرس و سێ فەرمانبەری دیوانی وەقفی سوننی لە پارێزگای سەڵاحەددین، بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركراون.

دەستەی دەستپاكی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەڕیوەبەری گشتیی ئێستای بەشی ئەندازیاریی، سەرۆكی ئەندازیاران و سێ فەرمانبەری دیوانی وقفی سوننی لە پارێزگای سەڵاحەددین، بەتۆمەتی گەندەڵی و زیان گەیاندن بەسامانی گشتیی دەستگیركراون.

روونیكردووەتەوە، ئەو كەسانە، گەندەڵییان كردووە لە بوودجەی دروستكردنی ٣٥ منارە لە ئاسن بۆ مزگەوتەكان لە پارێزگای سەڵاحەددین كە بڕەكەی یەك ملیار و ٥٧١ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دینارە.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، بەڕیوەبەری گشتیی ئێستای بەشی ئەندازیاریی، سەرۆكی ئەندازیاران و سێ فەرمانبەرەكەی دیوانی وقفی سوننی، بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزاكانی عێراق و بەفەرمانی دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكانی دەستپاكی لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیركراون.

بەپێی ماددەی (٣٤٠) لە یاسای سزاكانی عێراق، ھەر بەرپرس و فەرمانبەریەك كە لە كەرتی گشتییدا خزمەت دەكات، ئەگەر بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنەی كە تیایدا خزمەت دەكات بگەیەنێت، ئەوا بە زیندانیكردن سزادەدرێت كە ماوەیەكەی لە حەوت ساڵ زیاتر نابێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن