راچڵەکین –
شێرپەنجەی گەدە نەخۆشیەکی کوشندەیە، بە زۆری تووشی کەسانی
بە ساڵاچوو دەبێت، بەڵام گەنجیش تووش دەبێت. بە دووەم هۆکاری مردنی شێرپەنجە دەژمێردرێت.
نزیکەی ١٠٪ نەخۆشیەکە خێزانییە، واتە ئەگەر کەسێک ئەم نەخۆشییەی هەبێت، ئەگەر هەیە
بە رێژەی ١٠٪ کەسە نزیکەکانی دووچاری هەمان نەخۆشی ببن.
گرنگترین هۆکاری دۆزراوەی
شێرپەنجەی گەدە ئەمانەن:
١.هۆکاری بۆماوەیی و بازدانی جینەکانی جەستەی
مرۆڤ
٢. بەکتریای گەدە، ناسراوە بە H.Pylori
٣.جگەرەکێشان و مەشروب خواردنەوە و قەڵەوی
گرنگترین نیشانەکانی
شێرپەنجەی گەدە ئەمانەن:
١.حەزی نەخۆشەکە بۆ خواردن کەمدەبێت.
٢.کیشێ نەخۆشەکە کەمدەکات و بێهیز دەبێت.
٣.نەخۆشەکە دووچاری کەمخوێنی دەبێت.
٤.ئەگەر هەیە نەخۆشەکە برشێتەوە و خوێن بهێنیتەوە.
یان پیساییەکەی ڕەش ببێت.
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە:
زوو دەستنیسانکردنی ئەم نەخۆشییە زۆر گرنگە، ئەمەش بە هۆی
هوشیاری نەخۆش و وریایی پزیشکەوە دەبێت، ئەگەر لە هەر کەسێکدا ئەو نیشانانەی سەرەوە
دەرکەوتن، دەبێت سەردانی پزیشک بکات، دەبێت پزیشکیش بەو نیشانانە گومانی شێرپەنجەی
گەدە بکات،بە پشکنینی خوێن و پیسایی و نازور و تیشکی CT و هیتر، نەخۆشەکە دڵنیا بکاتەوە کە ئەو نەخۆشیەی
گرتووە یان نا.
چارەسەرکردن:
ئەگەرنەخۆشیەکە لە قوناخی یەکەمدا دۆزرایەوە، واتە کاتێک
کە نەخۆشیەکە تەنها پەردەی یەکەمی ناو گەدەی گرتۆتەوە، بە ئامێری هەناوبینی نەشتەرگەری
بۆ دەکرێت، لەم قوناخەدا ئەگەری زۆر هەیە نەخۆشەکە چاکببێتەوە و بە ئاسایی بژیت.
ئەگەر نەخۆشییەکە لە قوناخەکانی دووەم و سێهەمدا بدۆزرێتەوە،
نەشتەرگەری و دەرمانی کیمیاوی بۆ چارەسەری بەکاردێت، لەم قوناخانەدا نەخۆشەکە بە تەواوی
چاک نابێتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری نەخۆشەکان بۆ زیاتر لە پێنج ساڵ دەژین.
ئەگەر نەخۆشیەکە لە قوناخی چوارەم و کۆتاییدا بدۆزرێتەوە،
ئەو کات نەشتەرگەری سوودی نابێت، تەنها دەرمانی دژە شێرپەنجەی بۆ بەکاردێت و نەخۆشەکە
چاکنابێتەوە، بۆ ماوەیەکی کەم دەژیت.
د.فایەق محەمەد گوڵپی