راچڵەكین –
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، ئاشكرا دەكات، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە باسكردن بوو لە فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئیماراتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عیراق كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی ئیمارات، گەیشتە ئەبوزەبیی پایتەختی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، لە كۆبوونەوەیەكی دۆستانەدا، پەیوەندییەكانی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیمارات، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، تاوتوێ كران.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و باسیان لە دەرفەتەكان و زەمینەی لەباری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بۆ كەرتی تایبەتی ئیماراتی و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئیماراتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراق كرد.
دەربارەی گفتوگۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق، هەردوولا هاوڕا بوون كە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، یارمەتیی بەرقەراربوونی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق دەدات و ئاسۆی فراوانتری پێشكەوتن لە بەردەمیاندا دەكاتەوە.
هەردوولا ئاڵنگارییەكانی ئێستای ناوچەكە و جیهانیان خستە بەر باس لە گۆڕانی كەشوهەوا و ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی، هەڕەشەكانی تیرۆر و بیری توندڕەوی و توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەیان، بوارەكانی پەروەردە، ئاو، تەندروستی و چەند بوارێكی دیكە.
هەردوولا بە وردی دەربارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بیروڕایان گۆڕییەوە و جەختیان لە گرنگیی پتەوكردنی هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەمووان كردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشە و ناكۆییەكان.
پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.