راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتیی كارتی نیشتمانی رایدەگەیەنێت، بۆ چەند توێژ و بەشێكی هاووڵاتیان لەمەودوا بێ نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی مامەڵەی كارتی نیشتمانی دەكرێت،ئەوەش روونكراوەتەوەك" هەندێك هاووڵاتیش دەتوانن بە پێدانی رسووماتی 25 هەزار دینار مامەڵەكەیان بۆ بكرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی ئایاری 2025 بەڕێوەبەرایەتیی كارتی نیشتمانی روونكردنەوەیەكی لەبارەی مامەڵەی كارتی نشتیمانی بڵاوكردووەتەوەو تیایدا چەند حاڵەتێك بۆ نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی بەدەركراون و هەركاتێك پێویستیان بێت كارتی نیشتمانیان بۆ دەكرێت.
لەڕوونكردنەوەكەدا هاتووە:" بۆ كەسوكاری شەهیدان وەكوو (باوك، دایك، خوشك، برا، هاوسەر) نۆرەگرتن نیە. ئەو پرسە تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایك بووش دەگرێتەوە. ئەو هاووڵاتیانەی سەروو تەمەنی 65 ساڵن، ئەوانیش راستەوخۆ مامەڵەیان بۆ دەكرێت."
بەپێی بڕیارەكان هەندێك حاڵەتی مرۆڤایەتی لە نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی بەدەر دەكرێن لەوانە (مامەڵەی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، كەسانی تووشبوو بەو نەخۆشییانەی كە تووشی پەككەوتەیی كردوون، ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە بە مەرجێك 30 ڕۆژ زیاتر تێپەڕ نەبوبێ بەسەر هاتنە ناوەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان).
بەڕێوەبەرایەتیی كارتی نیشتمانی جەختی لەوەكردووە:" بەپێی ڕێنوێنی بەڕێوبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و مانەوەی عیراق و ڕەگەزنامەی گشتی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتیان دەتوانن بە پێدانی بڕی 25 هەزار دینار وەكوو (رسومات) بەدەربكرێن لە نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی."
لە ساڵی رابردووەوە بڕیاری نۆرەگرتنی ئەلیكترۆنی بۆ دەرهێنان و نوێكردنەوەی كارتی نیشتمانی كاری پێ دەكرێت، دەبێ هاووڵاتی لە ماڵەوە وادەی مامەڵەكەی دیار بكات و بەپێی كۆدێك سەردانی فەرمانگەی كارتی نیشتمانی بكات.