هەرزانترین و بچووكترین وڵاتی جیهان بناسە

هەمەڕەنگ

18/03/2023     ژمارەی بینراو 646

دارەوان حاجی حامید - لاڤێلا

لەم جیهانە فراوانەدا، چەندان وڵاتی بچوك هەن كە تا ئێستا رەنگە وەك پێویست نەناسرابێت، یاخود وەك وڵاتە گەورەكانی جیهان ناوبانگی نەبێت، بەڵام وڵاتێكی بچوك كە جوانییەكی بێ وێنەی هەیە و شوێنی گەشتیار و كات بەسەربردنە، هەروەها لەڕووی نرخەوە هێندە هەرزانە كە بارگرانی لەسەر گەشتیار دروست ناكات، ئەویش وڵاتی ئەندۆرایە.

ئەندۆرا وڵاتێكی بچووكە، دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئەوروپا لەسەر سنووری نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا، لە شوێنێكی ستراتیژیدایە سەرەڕای قەبارەی بچووك و كەمیی ژمارەی دانیشتووانی، بەڵام بە شوێنێكی سەرەنجڕاكێش دادەنرێت.

لە ١٦ بۆ ١٧ ئەم مانگە لە ئەندۆرا بووم، لاڤێلا پایتەختەكەیەتی، ژمارەی دانیشتووانی تەنها ٧٧ هەزار كەسە، رووبەڕی وڵاتەكەش تەنها ٤٦٨ كیلۆمەترە، ئەم وڵاتە بچووكە، دیمەنێكی دڵڕفێنی هەیە و سەرەنجی هەمووان بۆخۆی رادەكێشێت، وڵاتەكە هیچ فڕۆكەخانەیەك و هێڵێكی شەمەندەفەری نییە، لەبەرئەوەی ناوچەكە تەواو شاخاوییە، تەنها بە ئۆتۆمبیل و پاس گەشتیار دەتوانێت سەردانی بكات، بە بەدوو شێوە گەشتیار دەتوانێت بگاتە ئەندۆرا، ئەگەر لە خاكی فەرەنساوە سەردانی بكەیت، دەبێت گەشتیار بگاتە فڕۆكەخانەی توولوس كە شارێكی فەرەنسایە و ٤ كاتژمێر بە شەمەندەفەر لە پاریسەوە دوورە، لە توولوسەوە بۆ ئەندۆرا بە پاس ٢ كاتژمێرو ٣٠ خولەكە، ئەگەر لە ئیسپانیاوە سەردانی بكەیت دەبێت گەشتیار بگاتە بەرشەلۆنە و بە پاس ٣ كاتژمێری دەوێت بۆ گەیشتن بە ئەندۆرا.

وڵاتەكە هەرزانییەكی شۆك هێنەری هەیە ! با بۆتان بگێڕمەوە، كاتێك سەردانی دووكان و مۆڵ و بازاڕەكانم كرد تووشی شۆك بووم، كاتێك نرخەكانم دەبینی دەموت تۆ بڵێیت ئەم شتانە ئەسڵ بن، بۆ نمونە (بۆنەكان و خواردنە كحولییەكان و جگەرە) بە پلەی یەكەم و شت و مەكی تر بە پلەی دووەم ئەوەندە هەرزانە گومانت هەیە كە ئەم شتانە ئەسڵ بن، من خۆم زۆر حەزم لە بۆنە، نرخی بۆنێكی (جندڵمان) لە پاریس و وڵاتان بە ١٠٣ یۆرۆیە، لێرە بە ٥٠ یۆرۆیە، نرخی بۆنی (لافی ئیبێل) لە پاریس بە ١٣٥ یۆرۆیە ، لێرە بە ٥٥ یۆرۆیە، واتە بۆ بۆن لەسەدا ٤٥ بۆ ٥٥ و هەندێك بۆن لەسەدا ٦٠ نرخی جیاوازە.

سروشتی من وایە حەز بە جگرە و خواردنە ئەلكحولییەكان ناكەم، بەڵام نرخی یەك پاكت جگەرەی مارلبۆرۆ بە ٤ یۆرۆیە، لە كاتێكدا لە فەرەنسا بە ١٢ یۆرۆیە، نرخی یەك شوشەی جاك دانیال بە ١٦ یۆرۆیە، لە كاتێكدا لە پاریس بە ٥٣ یۆرۆیە، نرخی یەك شوشە لابێل سانك بە ٥ یۆرۆیە لە كاتێكدا لە فەرەنسا بە ٣٢ یۆرۆیە، خواردنی ڕێستۆرانتەكان بێ ئەندازە خۆش و هەرزانە، نرخی میوەو سەوزەو جلوبەرگ لەسەدا ٥٠ جیاوازەی هەیە لەگەڵ تەواوی وڵاتەكانی تر.
 
هەر گەشتیارێك كە سەردانی ئەندۆرا بكات تەنها بۆی هەیە بایی ٥٠٠ یۆرۆ شت بەرێتە دەرەوە لە وڵاتەكە، گەشتیار هەیە سەردانی ئەندۆرا دەكات لەبری ٥٠٠ یۆرۆ بایی پێنج هەزار یۆرۆ شت دەكڕێت، بەڵام ئەگەر لەسەر سنور بكەوێتە كۆنترۆڵەوە، ئەوا سزای دارایی دەدرێت.

هۆكاری هەرزانی نرخ لە ئەندۆرا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیچ جۆرە باجێك لەسەر كاڵا و شتەكان نییە، ئەگەر سەردانی ئەندۆراتان كرد دەبێت گەشتیار یۆرۆی پێ بێت، چونكە دراوی فەرمیی وڵاتەكەیە.

لەڕووی سیاسییەوە سیستەمی حوكمڕانیی ئەدنۆرا پەرلەمانییە، حكومەتەكەی پێكهاتووە، لە سەرۆك وەزیران و شەش وەزیر.

وڵاتەكە زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆ دەبەستێت كە داهاتەكەی ٣ ملیار دۆلارە، ئەندۆرا خاوەنی ئابوورییەكی تاڕادەیەك بچووك و گەشەسەندووە كە بە شێوەیەكی سەرەكی لەسەر بنەمای كەرتەكانی گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی دارایی دامەزراوە، گەشتیاری بەشێكی گرنگی ئابووری ناوخۆییە و ئەم وڵاتە ساڵانە نزیكەی ٩ ملیۆن سەردانیكەری بۆ دێت، داهاتی ساڵانەی تاك لێرە ٤٠ هەزار دۆلارە، كەمترین ڕێژەی تاوانی تێدایە و بە دەگمەن پارێزەر لەم وڵاتەدا هەیە، تەنها یەك گرتوخانەی تێدایە، ئەویش ئەو كەسانەن كە هاتونەتە ئەندۆرا و كێشەیان دروستكردووەو ویستویانە بە نایاسایی شتومەك بەرنە دەرەوە، واتە بەدەگمەن هەبووە خەڵكی ئەندۆرا خرابێتە گرتوخانە.

ئەم دەوڵەتە ڕۆڵێكی گرنگی لە مێژووی ئەوروپادا هەبوو، بەتایبەتی لە سەردەمی فەتحی ئیسلامیدا، وەك دەوڵەتێك شەڕی موسڵمانانی ڕۆژئاوای كرد و نەیهێشت بچنە ناو خاكەكانی فەرەنسا و پێشڕەویكردنیان بۆ ڕۆژهەڵات، ئەندۆرا تاكە وڵات نەبوو كە لەو قۆناغەدا دامەزرا، بەڵكو تاكە وڵاتێكە كە تا ئەمڕۆش وەك وڵاتێكی سەربەخۆ ماوەتەوە.

لەگەڵ كۆتایی هاتنی سەردەمی ئیسلامی لە ناوچەكەدا، ئەندۆرا لەژێر پاراستنی ئیسپانیا و فەرەنسادا مایەوە، بەڵام زیاتر پەیوەندی بە ئیسپانیاوە هەبوو.

ئەگەر سەردانی ئەندۆرا بكەن دڵنیام بیری دەكەن و بۆی دێنەوە ئەوەنە دیمەنەكانی جوان و دڵڕفێن و سەرنجڕاكێشە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن