وەزارەتی دارایی لەسەر 400 ملیارەكەی بەغدا روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

23/03/2023     ژمارەی بینراو 415

راچڵەكین -

وەزارەتی دارایی لەبارەی 400 ملیار دینارەكەی بەغدا روونكردنەوەیەكی بەپەلە بڵاودەكاتەوەو جەخت لەوەدەكاتەوە كە پارەكە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێكی دیكە خەرج ناكرێت.

وەزارەتەكە لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، دڵنیایی داوە كە مووچەی مانگی ئادار بەبێ كێشە دابەش دەكرێت.

دەقی روونكردنەوەكە:
 
ڕوونكردنەوەیەك لەڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە
 
لەسەر ئەو چەواشەكاریانەی تایبەت بە پرسی ٤٠٠ ملیار دینارەكە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەكی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونكردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو. 
           
١- بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام بەچەند هۆكارێك دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان.    
 
 ٢- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕۆژی ١٤ ئازار لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ٤٠٠ ملیار دینارەكە تەنها بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێكی تر خەرج ناكرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ كێشە دابەش دەكرێت.    
 
٣- جەخت دەكەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج كراوەو خەرج دەكرێت هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەهاتووە.     
 
٤- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە كە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەنها ٣٤٠ ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ ٤٠٠ ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان كراوەو ئەو كورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەكرێتەوە، هەروەكوو چۆن پێشتر كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن