ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئیدواردۆ کاماڤینگای فەرەنسی، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڕیال مەدرید، پێش ئەوەی ڕووبەڕووی مانچستەر سیتی ببێتەوە، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هاندەرانی یانەی شاهانەی نیگەران کرد.
لە خولەکی ٨٤ی یارییەکەی لە بەرامبەر خیتافیدا، کاماڤینگا تووشی پێکان بوو لە ئەژنۆیدا، کە ڕیاڵ بە گۆڵێک بەبێ وەڵام بردنەوەی بەدەستهێنا، هەروەها بە لاوازی دەرکەوت، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەسەر بارودۆخی دروستکرد.
ئەنچیلۆتی بڕیاریدا کاماڤینگا لە یارییەکەدا بهێنێتە دەرەوە و لە شوێنی ئەلڤارۆ ئۆدریۆزۆلا یاریی پێ بکات، ئەستێرە لاوە فەرەنسییەکەش لەسەر کورسی یەدەگ دانیشت و سەهۆڵی خستە سەر ئەژنۆی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی، ئەمڕۆ یەکشەممە ئەو پشکنینە پزیشکیانەی کە کاماڤینگا ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە کە تووشی پێکانێکی سوک بووە لە ئەژنۆی چەپیدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێکانەکەی کاماڤینگا مەترسیدار نییە و بە شێوەیەکی سەرەکی بەرامبەر مانچستەر سیتی ئامادە دەبێت، ڕۆژی چوارشەممە.