رووسیا كۆنترۆڵكردنی شاری باخموت-ی راگەیاند

جیهان

20/05/2023     ژمارەی بینراو 207

راچڵەكین -

دوای چەند مانگێك شەڕكردن لەشاری باخموت-ی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، هێزەكانی ڤاگنەری سەر بە رووسیا رایگەیاند كە تەواوی شارەكەیان كۆنترۆڵكردو هیچ سەربازێكی ئۆكراینی لەشارەكە نەماوە.

یەڤگینی بریگۆجین، سەرۆكی هێزەكانی ڤاگنەر-ی سەر بە رووسیا، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردووەتەوە، رایگەیاند: هێزەكانمان توانییان كۆتای بەشی شاری باخوت كە لەژێر دەسەڵاتی ئۆكراینادا مابووەوە، كۆنترۆڵ بكەن و ئێستا تەواوی شارەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانماندایە.

سەرۆكی ڤاگنەر، لەپەیامێكدا كە لە سەنتەری شاری باخموت بڵاویكردەوە، سوپاسی ڤلادیمێر پوتینن سەرۆكی رووسیاو وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەی كرد بەرامبەر هەموو ئەو هاوكارییە سەربازییەی كە پێشكەشی هێزەكانیانی كرد، كە یارمەتدەربوو بۆ تێكشكاندنی هێزەكانی ئۆكراینا و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی شاری باخموت.

یەڤگینی بریگۆجین ئاماژەی بەوەشكرد كە لەرۆژی 25ی ئەم مانگە، بەشێك لە هێزەكانیان لەباخموت دەكشێننەوە بەمەبەستی پشوودان و پێگەكانیان رادەستی هێزەكانی سوپای رووسیا دەكەن.

كۆنترۆڵكردنی شاری باخموت، كە بەناوچەیەكی ستراتیجیی سەربازیی لەشەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا دادەنرێت، لەكاتێكدایە سەرۆكی ئۆكراینا چەندین جار هۆشداری دابووە وڵاتە هاوپەیمانەكانی، كە ئەگەر چەك و تەقەمەنی بەپەلە رەوانە نەكەن، لەوانەیە هێزەكانیان ناچار بن لاشاری باخموت پاشەكشە بكەن و چیتر نەتوانن بەرگری لێبكەن.

ڤۆلۆدیمێر زیلێنسیكی راشیگەیاندبوو، ئەگەر رووسیا دەست بەسەر شاری باخموت دا بگرێت، ئەوا زۆربەی شارەكانی دیكەی ئۆكراینا دەكەونە ژێر مەترسیی داگیركاریی سوپای رووسیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن