راچڵەكین-
سەرۆكی ڕووسیا دەنگۆكانی تایبەت بە نیازی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئەوروپا بە " درۆو قسەی بێ مانا" وەسفدەكات.
ڤلادیمێر پوتین، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ دەستەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ووتی:" لەئەوروپا بەجۆرێك خەڵكیان ترساندووە كە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا ڕوودەدات و داوایان لێكردوون لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ جەنگێكی گەورە، چەندین جار ئەوەم وتووە، ئەوە درۆو وڕێنەیە."
" ئەو دەنگۆیانە جگە لە درۆ، هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە" ڤلادیمێر پوتین وا دەڵێت.
لێدوانەكەی ڤلادیمێر پوتین لەكاتێكدا دێت، ماوەی چەند مانگێكە بەرپرسانی ئەوروپا جەخت دەكەن لەپێویستی ئامادەكاری بۆ ئەگەری هەڵایسانی جەنگ لەگەڵ رووسیا، ووتارێك ڕەنگدانەوەی مەترسییە ئەمنییەكان لە كیشوەرە پیرەكە دەخاتەڕوو.
فریدریچ میرتس، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، ستراتیژییەتی ئێستای سەرۆكی ڕووسیا لە ئۆكراینا دەچووێنێت بەهەمان ئەو ستراتیژییەی هیتلەر لەساڵی 1938 پەیڕەوی كردووە، كاتێك هەرێمی سودیت-ی چیكۆسلۆڤاكیا كە زۆرینە دانیشتووانەكەی ئەڵمانی بوون، كۆنترۆڵكرد، دواتر هەنگاوەكانی بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری كیشوەرە پیرەكەی دەستپێكرد.