تەندروستی عیراق ئامارێكی مەترسیدار لەبارەی تای خوێنبەربوون بڵاودەكاتەوە

عێراق

23/05/2023     ژمارەی بینراو 218

راچڵەكین -

وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە نوێترین ئاماردا ئاشكرایدەكات، ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بەرزبووەوتەوەو راشیدەگەیەنێت، زۆرترین ژمارەی قوربانییان لەپارێزگای زیقاڕ تۆماركراوە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، ژمارەی حاڵەتە تۆماركراوەكانی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، گەیشتووەتە 128 حاڵەت.

وتیشی:" لەو ژمارەیە 18 تووشبوو بەهۆی كاریگەریی نەخۆشییەكە، گیانیان لەدەستداوە".

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئاماژەی بەوەكرد، پارێزگای زیقاڕ لەباشووری وڵات، زۆرترین حاڵەتی توشبوونی تای خوێنبەربوونی تێدا تۆماركراوە، بەو پێیەش ئەو پارێزگایە بووەتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە.

سەیف بەدر باسی لەوەشكرد، وەزارەتی تەندروستی هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتەكانی توشبوون بە تای خوێنبەربوون و رێگریكردن لە زیادبوونی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان، راشیگەیاند: وەزارەتی كشتوكاڵ لەڕێگەی قەڵاچۆكردنی زیندەوەری (گەنە) دەتوانێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن