هەفتەی رابردوو 15 كەس لەئێران لەسێدارەدراون

جیهان

26/05/2023     ژمارەی بینراو 120

راچڵەكین-

تەنها لەماوەی هەفتەی رابردوودا 15 كەس لەئێران بەتاوانی جۆراوجۆر لەسێدارەدراون، زۆرترین سزای لەسێدارەدانیش رۆژی 25ی ئەم مانگە جێبەجێكراون كە 10 لەسێدارەدان بووە لە رۆژێكدا.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە 25-5-2023 لانی كەم 10 بەندكراو لە بەندیخانەكانی كرمان، سنە، ئورمیە، جیروفت و ئیسفەهان و هەروەها بەندكراوێك لە شوێنێكی گشتیی شاری مەراغە، لەسێدارە دراون.

وەك لەراپۆرتی رێكخراوەكەدا هاتووە، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە،سزای سێدارەی لانی كەم چوار بەندكراو بە ناوەكانی قادربەخش دەهانی، تەمەن 39 ساڵ و خەڵكی زاهیدان كە خێزاندار بووە، عەبدولڕەسووڵ جەمشیدی، تەمەن 55 ساڵ و خەڵكی پارێزگای فارس كە خێزاندار بووە و هەروەها عەلی سالاری خەڵكی جەیرووفت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لە بەندیخانەی كرمان جێبەجێ كراوە.

لە بەندیخانەی ناوەندیی گرگان ناوەندی پارێزگای گوڵستان، سێدارەی سێدارەی دوو بەندكراو كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپا، جێبەجێ كرا. ناسنامەی یەكێك لەو بەندكراوە لەسێدارەدراوانە بە ناوی شەعبان یووسفی و ئەوی دیكەیان بە ناوبانگی "بزی" بۆ هەنگاو ئاشكرا كراوە.

سزای سێدارەی بەندكراوێكی خەڵكی شاری كرماشان بە ناوی سەعید محەممەدی كە پێشتر بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ كرا.

هاوكات سزای سێدارەی بەندكراوێكی دیكە بە ناوی ئەمیر مەهدی، كە پێشتر بە تۆمەتی "افساد فی الارچ" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە شەقامێكی گشتیی شاری مەراغە و لە پێش چاوی خەڵك كە كۆمەڵێك ژن و منداڵیشی لێ بوو، جێبەجێ كرا.

هەر لەم ڕۆژەدا سزای سێدارەی بەندكراوێكی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی عەلی پیری، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ كرا. ناوبراو ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر كراوە و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لە بەندیخانەی جەیروفت، سزای سێدارەی دوو بەندكراوی دیكە بە ناوەكانی مەهدی سالاری، خەڵكی شاری جیروفت و محەممەد دارایی (گوڵبەچە)، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شاری زاهێدان كە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكانەوە، جێبەجێ كرا.

لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، سزای سێدارەی دوو بەندكراوی دیكە بە ناوەكانی مەجید جەعفەری و عەلی تەبیب، لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ كراوە.

هەر ئەو ڕۆژە، سزای سێدارەی بەندكراوێكی خەڵكی كرماشان بە ناوی سەعید محەممدی، پاش ١٢ ساڵ بەندكردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ كرا و پیاوێكی دیكە كە پێشتر بە تۆمەتی بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەكان و كوشتنی ئەندامێكی هێزە حكوومەتییەكان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، سزاكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندرعەباس جێبەجێ كرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن