هێرش دەكرێتە سەر باڵیۆزخانەی عیراق لە سویسرا

عێراق

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 213

راچڵەكین -

لەشاری بێرن-ی پایتەختی سویسرا، چەند كەسێكی نەناسراو هێرش دەكەنە سەر باڵیۆزخانەی عیراق، وەزارەتی دەرەوەش داوا لە حكومەتی ئەو وڵاتە دەكات ئاسایشی باڵیۆزخانەكەیان بپارێزێت و رێوشوێنی پێویستیش بگرێتەبەربۆ دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بەتوندی ئیدانەی هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەكەیان لە سویسرا كردو رایگەیاند، هێرش و پەلامارەكە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراوەو چوونەتە ناو بینای باڵیۆزخانەكەو بەهۆیەوە كارمەندانی باڵیۆزخانەكەو ئەو هاووڵاتییانەی بۆ راییكردنی كاروبارەكانیان لەوێ بوون، دووچاری ترس و تۆقاندن بوونەتەوە.

وەزارەتەكە وێڕای ستایشكردنی رۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەكانی سویسرا، كە بەخێرایی دۆخەكەیان كۆنترۆڵكردووەو نەیانهێشتووە هیچ زیانێكی لێبكەوێتەوە، هاوكات داواشیان لە حكومەتی بێرن كردووە لێكۆڵینەوەی جددی لە رووداوەكە بكەن و پەلاماردەرەكانیش دەستگیر بكەن.

تائێستاش حكومەتی سویسرا هیچ روونكردنەویەەكی لەبارەی رووداەوەكە نەداوەو ناسنامەی ئەو كەسانەش ئاشكرا نەكراوە كە پەلاماری باڵیۆزخانەی عیراقیان لەو وڵاتە داوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن