تەندروستی سلێمانی خۆی بۆ "نەخۆشییە مەترسیدارەکە" ئامادە دەکات

تەندروستی

11/06/2023     ژمارەی بینراو 1156

راچڵەکین –

بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئامادەكاریی پێشوەختە دەكات بۆ پەتای خوێنبەربوون و گرتنەبەری رێكاری پێویست و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی ئەو نەخۆشیە کە بە "مەترسیدار" وەسفیکردووە.

تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە، بەسەرپەرشتی سەباح نەسرەدین، بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەئامادەبونی نەجمەدین حەسەن، لێپرسراوی ئۆفیسی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەسلێمانی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی كەرتی تەندروستی كۆبوونەوەیەك لەنەخۆشخانەی شار بەرێوەچوو بۆ ئامادەكاریی بۆ تای خوێنبەربوون.

روونیشیکردەوە لە كۆبونەوەکەدا بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم بەشە جیاجیاكانی راسپارد ئامادەكاریی بكەن بۆ تای خوێنبەربوون و بڕیاریدا سەرجەم بەشەكان لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و رێنمایی تەندروستی زیاتر لەرێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن لەسەر ئەو نەخۆشیە بڵاوبكرێتەوە.

هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بەدابینكردنی قاوشی جیا لە نەخۆشخانەی شار بۆ تووشبووانی تای خوێنبەربوون، تیمەكانی هۆشیاری تەندروستی كار و چالاكیەكانیان زیادبكەن و سەردانی قەسابخانە و کوشتارگەکان بکەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن