ڕاچڵەکین سپۆرت -
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی فەرەنسا، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی ئامۆژگاری ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت دەبێت هاری کەین هێرشبەری یانەی تۆتینهام بکڕێت.
مێسی ڕیزەکانی سان جێرمان جێهێشت، دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ڕابردوو دواتر بە گواستنەوەی بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ئینتەرمیامی ئەمریکییەوە کرد.
بەگوێرەی ڕادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی، مێسی ئامۆژگاری خڵیفی کردووە بۆ گواستنەوەی هاری کەین، هێرشبەری تۆتنهام، بۆ ئەوەی چانسی تیپەکە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ بەرزبکاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مێسی و خلێفی لە کۆتایی وەرزی ڕابردوودا یەکتریان بینیوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی تیپەکە و دیاریکردنی ئەوەی کە لەچی کەم بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە پاریس سانجێرمان لە ئێستاوە ئامادەیە کەین بخاتە نێو ریزەکانییەوە، سەرەڕای زیادەڕەویکردن لەلایەن تۆتنهامەوە لە داواکارییە داراییەکانیدا، هەروەها بایرن میونشنیش گرنگی بەو یاریزانە دەدات.
شایانی باسە، تۆتنهام بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ ڕازیبوون بە ڕۆیشتنی کەین داناوە، کە تەنها یەک وەرز لە گرێبەستەکەیدا ماوە.
بایرن تا ئێستا دوو ئۆفەری پێشکەش کردووە، بەمەبەستی کڕینی کەین، یەکەمیان بە بڕی ٧٠ ملیۆن یۆرۆ، دووەمیان بە بەهای ٨٠ ملیۆن یۆرۆ، کە لەلایەن تۆتنهامەوە ڕەتکرایەوە.