لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد: پەیوەندی تیمی یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە

ڕاپۆرت

30/07/2023     ژمارەی بینراو 470

راچڵەكین-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە زۆر خراپە.

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند"پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوە و ڕێز و حورمەت نەماوە، وەزعێكی زۆر خراپە."

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە كە لە پشكی یەكێتیە، دەڵێت:"بریكاری وەزیری پێشمەرگە فەرمانێكی دەركردووە و وتویەتی، دەبێت پشكی یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە 57٪ بۆ پارتی و 43٪ بۆ یەكێتی بێت. منیش بە نووسراوی فەرمی وەڵامم دایەوە. ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێكی لەو جۆرە بدات و 50 بە 50 كاتی خۆی و لە دۆخێكی سیاسیدا بڕیاری لێدراوە."

وتیشی:"بڕیارەكەی بریكاری وەزارەت كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی و هێزەكانی 70و 80 ش دەبێت، كاریگەریشی لەسەر جێبەجێكردنی یاداشتی لێكتێگەشتن دەبێت كە بە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزارەتە پەیوەندییدارەكان و هاوپەیماناناوە، هەشت لایەن واژووی كردووە."

بەپێی وتەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پەیامی ئەوەی گەیاندووەتە بریكاری وەزارەتەكەی لە پشكی پارتی، ئەگەر پێشتر بیرۆكەی زیادكردنی پشكی پارتیتان هەبووە بە رێژەی 57٪ بەرامبەر بە 43٪ ، دەبووایە پێش واژووكردنی یاداشتی لێكتایگەشتنەكە قسەیان كردبا.

لیوا ڕوكن بەختیار وتی:"بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یاداشتە واژوو كراوەكەی نییە، چونكە دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگەشی نەدراوەتێ."

سەبارەت بە وەڵامی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا ڕوكن بەختیار دەڵێت، "بریكار وتی [ لەسەرەوە ئەمەم پێوتراوە و حزبەكەم ڕازی نابێت بە 50 بە 50 ، چونكە خەڵكمان زیاترە و كورسی پەرلەمان و جوگرافیای زیاترمان بەدەستەوەیە.] ئێمەش وتمان پەرلەمان نەماوە و حكومەت چووەتە قۆناغێكی تایبەتەوە، با هەڵبژاردن بكرێت، دواتر لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێكی تازە ئەم دۆخە موناقەشە دەكەین، لەم كاتەدا كە جێبەجێكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، هەست ئەكەین ئەم داواكارییە وەكو بۆمب وایە و متمانە ناهێڵێت، دۆخە سیاسییەكە ئاڵۆزتر دەكات."

كۆتایی مانگی ڕابردوو، جێگری یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداری وڵاتەكەی گەیاندە بەرپرسانی هەرێم لە ڕاوەستانی هەنگاوەكان بۆ یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.

لیوا ڕوكن بەختیار، وتی:"هاوپەیمانان وەكو كورد و یەك هێز دەیانەوێت مامەڵەمان لەگەڵ بكەن، كێشەكە ناو خۆمانە لای ئەوان نییە، ئەوانیش گلەییان هەیە."

ئەو وتیشی:"بریكاری وەزارەت دەڵێت وەكو پارتی 50 بە 50 قبوڵ ناكەین، یەكێتیش دەڵێت 57 بە 43 قبوڵ ناكەین، بۆیە دواجار كێشەی تر دروست دەبێت."

لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، پێیوایە تەنها چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی وەزارەتی پێشمەرگەی تێكەوتووە، دانانی وەزیرێك بۆ وەزارەتەكە و ڕێگرتنە لە شۆڕبوونەوەی ناكۆكی سیاسی بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە، وتی"دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جێبەجێكردنی یاداشتی لێكتێگەشتن و كاری پێكەوەیی، نەك تاكڕەویی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن