كەیسی ڤیكتۆر خارا-چیلێ و دەزگای دادی كوردستان

ڕاپۆرت

04/08/2023     ژمارەی بینراو 266

 
(50) ساڵ

11 سەپتەمبەر 1973، بۆ چیلێ ڕۆژێكی شووم بوو‌. ژەنەڕاڵ پینۆ چێت، 1915-2006، حوكوموتی دیموكراتیانە هەڵبژێردراوی چیلێ سەرنگون كرد. ڕەشبگیرە. سەرۆكۆمار سلڤادۆر ئالێندی، 1908-1973 و هاوڕێی شاعیری پاپڵۆ نیرۆدا، 1908-1973، دەكوژرێن. زیاد لە (5) هەزار هاوڵاتی لە یاریگای سانتیاگۆ دەئاخرێن. هۆڵی ژێرەوەی جلگۆڕین دەكرێتە ئەشكەنجەخانە. كۆدێتاچییەكان سوێند بۆ یەكدی دەخۆن كە هەرگیز ڕاستی نەدركێنن و گەر ناچاریش كران خۆیان بكوژن، چیشیان لە توانادا بێ بە نەیارانیان بكەن. ڕۆژگار دەگوزەرێ و زەمەن دەگۆڕێ. پەیمانی نێوان كۆدێتاچییەكان درزی تێدەكەوێ. چیلێ خەباتی سڤیلدارانە گەشە پێدەدەن. چی ڕێكخراوی دیموكراتیخوازی نێودەوڵەتییە‌ دەخرێتە‌ كار. دۆزینەوەی ڕاستی و دادگایی كردنی تاوانباران خاڵی یەكەمی ئەجێندای خەڵكی دادپەروەرە‌. 
 
ڤیكتۆر خارا، 1932-1973
 
شاعیر، موسیزیان و سترانبێژ خارا یەكەم ڕۆژ بە پێشچاوی خەڵكەوە ئەشكەنجە دەدرێ. هەردوو دەستی ورد دەكرێ. بە 44 فیشەك لاشەی بە بێژنگ دەكرێ. گولـلەی پشت گەردنی بە دەستی ژەنەڕاڵ پێدرۆ باریێنتۆس دەتەقێنرێ. لاشەی‌ لە شەقامێكی لاتەریك فڕێ دەدرێ. ڕێبواران دەیناسنەوە. 1990 كە پڕۆسەی دیمكراتیزەكردنی چیلێ سەرهەڵدەداتەوە، فرەگەلێ لە ژەنەڕاڵەكان دەچنەوە ماڵی گەورە بابیان، ئامریكا. لێ زەمەن گۆڕاوە و ئیدی باوی دەست لە تاوان خاوێن كردنەوەیە.
 
خێزانی خارا، خوان خارا 1927- .....
 
 خێزانی، خوان خارا، 1927-..... (96 ساڵ) لە دایك بووی بەریتانیایە، بالەرینایە، بە هاوكاری پارێزەری تایبەت بۆ تاوانی سیاسی، لویس ئۆرتێز كیۆراگا، یەكەم شكاتنامەی 1978 دەخاتە‌ بەردەم دادگای سانتیاگۆ. ئیدی سەفەری بێكۆڵنەدانی خێزانی بۆ دۆزینەوەی تاوانباران دەست پێدەكا. سەرەتای مانگی جوڵای ئەویساڵ هەشت ئەفسەری پلە جیاواز به كوشتنی دوو كەس بە (15) ساڵ زیندانی كران‌ و سێ ساڵی زیادەش بە تاوانی ڕفاندن. نۆیەم ئەفسەر بە (5) ساڵ كە دەستی لە كوشتنی خارا و كەسێكی تردا هەیە زیندانی كرا. 
 
ژەنەڕاڵ بارینتۆ بكوژی خارا
 
2016 دادگایەكی سڤیل بكوژی خارا لە فلۆریدا دەدۆزێتەوە. بەڵام ژەنەڕاڵ فریاكەوتووە و هاوڵاتنامەی ئامریكای وەرگرتووە كە ڕێگرە لە ڕادەستكردنەوەی بۆ زێدی خۆی. لێ دادگا (28) ملیۆن دۆلار بژێردە-پارە بڕیار دەدا بۆ قەرەبووی ماڵباتی خارا. مانگێ پێش، جوڵای ئەمساڵ، دەنگۆ بڵاوبۆوە كە ئامریكا لە ڕێی دادگاوە ناچار كراوە هاوڵاتنامەی خۆی لە ژەنەڕاڵی بكوژ بستێندێتەوە. ئیدی ئێستا دادگاكانی چیلێ سەرگەرمی پڕۆسەی ڕادەستكردن و دادگایی كردنی ژەنەڕاڵن. لاپەڕەی تۆزگرتووی پەنجا ساڵ لە مێژووی تاوان دەرهەق بە هاوڵاتیان هەڵدەدرێتەوە. دەبێ ئەوە بزانرێ خاڵی سەرەكی لە پڕۆسەی دادگا تەنیا بڕیاری حوكومدان نییە بەڵكو چەسپاندنی دادە بە پلەی یەك، خستنە ڕووی تاوان و هۆكانێتی بە پلەی دوو. چوون دادگایەكی دیموكرات بە شوێن تۆڵەدا ناگەڕێ، هێندەی بە شوێنی سۆنگەی تاوان و لەوێشەوە پڕۆسەی جارەكی تر دووبارە نەبوونەوەی تاوان، بە واتایەكی دی داد لە ڕێی دەستور و یاساوە ببێتە بنەما (مەرجەع) وەك سیاسەتمەدارانی كورد دەبێژن.
 
دادپەروەری كوردستان
 
زەمەن گۆڕاوە. پەنابەرانی هۆشیاری هەڵهاتووی وڵاتانی جیاواز پڕۆسەی گەڕان بە دوای داد لە تاراوگە پەرەپێداوە. سورییەكانیش بەڕێوەن ببنە پێشەنگ. تا ئێستا 250 پەڕاوی تاوان دەرهەق بە (25) ئەفسەر و فەرمانبەرانی پلە باڵایان ڕادەستی دادگای نێودەڵەتی بۆ تاوان كردوە. ''سەنتەری یاسادار بۆ بەدواچوون و خوێندنیان'' ڕۆناوە. ئێستا چەند ئەفسەریان لەوانە لە ئاڵمان ڕاپێچی دادگا كردوە و هەندێكیان بە زیندانی هەتاهەتایی بەند كراون: انور رسلان 13 ژانیوەی 2022 زیندانی هەمیشەیی و ئەفسەر لوید الغریب بە ساڵێ زیندانی. ڕۆژانە ئەفسەران و زڕە-دادوەرانی تاوانباری جیاوازی دونیا كە ڕێییان دەكەوێتە ڕۆژئاوا دەگیرێن. سوێد تا ئێستا چەندین تاوانباری جەنگ و سیاسی بە زیندان حوكمداوە، كە هاوڵاتی ڕوس، وڵاتانی ئافریاكا و ئێرانن. پڕۆسەی گرتن و ڕاپێچكردنی تاوانبارانێ كە دژ بە میللەتی خۆیان دەجوڵێن لە تەواوی دونیا دیموكراتدا پەرە دەسێنێ. سەیر نییە هەندێ وڵات، لەوانە توركیا، ئێران، ڕوسیا و چین .....تاد  كە نە یارانی سیاسی خۆیان لە دەرەوەی وڵات یان ژارخوارد دەكەن یان دەفڕێنن بەرەو وڵاتانی ژێر دەسەڵاتیان؛‌ تا پەنابەرانی ئەكتیڤ چاوترسێن بكەن. ئێستا، لە 2022، سەرۆكی دەزگای نێودەوڵەتی تاوان خانمێكی سوێدییە، لیسێ تام، بە كەیسی كورد ئاشنایە. دەزگای دادی هەرێم دەبێ باش دڵنیا بێ كە نادادی و بڕیاری سیاسی دەرەوەی یاسا دەكرێ بكرێنە كەیسی شكاتی ڕەوا لە ڕۆژئاوا. بە درێژایی مێژوو خەبات لە تاراوگە كەمتر نەبووە لە خەبات لە نێو وڵاتدا. قوربانیانێ كە بەڵگە و دەلیلی ساخكەرەوەیان لە كنە دەبێ دیسانەوە بە كەیسی خۆیاندا بچنەوە و ڕوو لە بەشی-دادگای نێودەوڵەتی بكەن لە نیشینگەیان، وەك گۆترا، زەمەن گۆڕاوە و لاپەڕەی تاوانی دژە-مرۆڤ لە دادگای نێودەوڵەتی كراوەتەوە. كۆتایی سەدەی پێشو و هەروەها سەرەتای سەدەی نوێ كە (سیاسەتمەدارانی مە) بۆ خاتری ڕیزێ دوكان وڵاتێكیان لە خوێن دەگەوزاند و (خەڵكیش) بە سانایی فرامانیانی جێبەجێ دەكرد و پاشان دەهاتنە ڕۆژئاوا بۆ پشوو یانژە چارەسەر گوزەشت. سیاسەتمەداراكانیش دەبێ ئەوە بزانن كه نا-چەسپاندنی دادپەروەری، ڕێگری لە یاسا و دەستور، ڕفاندن و كوشتن بە تاریكی یانژە بە ڕووناكی، بێ گەڕانەوە بۆ دەزگای داد، دەكرێتە، (نەك دەكرێ بكرێتە)، كەیسی سەر مێزی دەزگا نێودەوڵەتییەكان. ئەوی تەنیا پێویستە بۆ ئەو پڕۆسەیە میللەتێكی هۆشیارە. میللەتێ كە چارەنووسی خۆی دەبێ لە ئومێدا ببینێ بەوەی كە سبەینێی دەكرێ باشتربێ لەوڕكەی. میللەتێ كە چەكی دەستی هۆشیاری و دیموكراتییەت بێ و وشە سوواوەكانی نێو (باخەڵی زڕە-كوردایەتی) وەلاوە نێ. ئێستا چیلێ لەو بوارەدا پێشڕەوە. دەكرێ خەباتی وان ئەوجا سورییەكان لەو كایەیادا بئەزمونرێ. 


گۆران مەریوانی
2023-08-04



پەراوێز:
1. ETC, Lars Palmgren, 1 August 2023.
2. USA Today, 5 july 2018.
3. El-Passo, Ana Maria, Sanhuez-Santigo 17 July 2023.
4. The Guardian, 3 Jul. 2018
5. Amnesty Press, 26 Feb. 2019.
6. Advokaten, Nyhet, Nr 1, 2022 Årgång 88.
7. SVD 21 Feb 2019,
8. Der Spigel, Feb. 2019.                                  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن