وەزارەتی پەروەردە لەبارەی گواستنەوەی میلاك داوایەك ئاڕاستەی ئەم مامۆستایانە دەكات

کوردستان

10/08/2023     ژمارەی بینراو 341

راچڵەكین -

وەزارەتی پەروەردە ئاگادارییەك ئاڕاستەی مامۆستایانی پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی دەكات و رایدەگەیەنێت، هەر مامۆستایەك ئارەزوو دەكات میلاكی بۆ پەیمانگەی پیشەیی حكومی بگوازێتەوە، سیڤی خۆی بنێرێت.

وەزارەتەكە لە ئاگادارییەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، مەرجەكانی ئەو مامۆستایانەی زمانی ئینگلیزی دیاریكردووە كە دەیانەوێ میلاكیان بۆ پەیمانگەی پیشەیی حخكومی بگوازنەوە، لەوانە: دەبێت مامۆستاكە دامەزراو بێت، یان فەرمانی وانەبێژی هەبێت و بڕوانامەی لە بەكالۆریۆس كەمتر نەبێت و دەرچووی بەشی ئینگلیزی بێت.

دەقی ئاگادارییەكە:

ئاگادارایەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان

لەچوارچێوەی پلانی وەزارەتدا پەیمانگەی پیشەیی حكومی (5) ساڵە بەپێی سیستەمێكی تایبەت و بەزمانی ئینگلیزی وەك یەكەم هەنگاو لە پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردن، بۆ ئەم مەبەستە داوا لەو مامۆستایانە دەكەین كە پسپۆڕی زمانی ئینگلیزییان هەیە و ئارەزوو دەكەن لەسەر میلاكی ئەو پەیمانگەیە بن داواكارییەكانیان لەسەر ئەم بنەماییانە و زانیارییانەی خوارەوە بنێرن :

۱- ئەو مامۆستایانە دەبنە میلاكی پەیمانگە، كارەكەیان بریتی دەبێت لە فێركردنی زمانی ئینگلیزی بەپێی سیستەمێكی دیاریكراو كە بۆ فێربوونی زمانەكە (بەنووسین و قسەكردن) دەبێت لە قۆناغی یەكەمی پەیمانگەدا.

۲- دەبێت مامۆستایەكە دامەزراوبێت یان فەرمانی وانەبێژی هەبێت و بڕوانامەی لە بەكالۆریۆس كەمتر نەبێت و دەرچووی بەشی ئینگلیزی بێت، لە بواری وانە ووتنەوە لەقوتابخانەكەیدا ئاستی پێشكەوتووی هەبێت لە زمانی ئینگلیزی هەروەها هیچ سزایەكی نەبێت.

۳- ئەو مامۆستایەی ئارەزوو هەیە پێویسته (CV)سیڤیەكەی لەڕێگەی واتسئاپ یان فایبەر بە شێوەی (PDF) پێشكەشبكات لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەم ئاگادارییە. تەنها  (٨) ڕۆژ ماوە هەیە بۆ وەرگرتنی  سیڤیەكان  لە رێكەوتی راگەیاندنەكە.

٤- سیڤیەكان(CV) دەدرێنە لایەنی پسپۆڕ بۆ هەڵسەنگاندنیان لەڕووی توانای ئاستی زمانی ئینگلیزی، دوای چاوپێكەوتنیان تەنها دوانزە مامۆستا هەڵدەبژێردرێن.

٥- لەم دوانزە مامۆستایە بەپێی تواناو ئاستەكانیان ڕاهێنانیان لەسەر پڕۆگرامی  ساڵی یەكەمی خوێندنی پەیمانگەی پیشەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەكرێت، دواتر لەسەر  میلاكی پەیمانگە جێگیر دەكرێن.

لەڕێگەی نامەی فایبەر یان وەتسئاپی ژووری ئەلیكترۆنی وەزارەت سیڤیەكان بنێرن :
  (07505103232)
  (07505106262)

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن