راچڵەكین-
لقی دهۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دیاردەی ئامادەكردنی خواردن لە مەراسیمی پرسەدا قەدەغە دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، لقی دهۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڕیاری "نەهێشتنی دیاردەی ئامادەكردنی خواردن لە مەراسیمی پرسەدا" راگەیاند.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، "ئامانج لەم بڕیارە كەمكردنەوەی بارگرانی سەرشانی كەسوكار و خاوەن پرسەكانە كە لەو مەراسیمەدا زۆرجار ناچار دەبن، خواردن بۆ ئامادەبووانی پرسەكە ئامادە بكەن".
لقی دهۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان باسی لەوەشكردووە، لە دەركردنی ئەم بڕیارەدا راوێژ بە لایەنە ئیداری و پەیوەندیدار كراوە.
ئامادەكردنی خواردن لەكاتی پرسەدا وەكو ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێ دراوە، "لە لایەنی ئابووریەوە دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی و لەلایەنی تەندروستییەوە، دەبێتە هۆكارێك بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی".
لقی دهۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان داواش لە هاووڵاتیان دەكات، كاتێك دەچنە پرسەی كەسێك، بۆ نانخواردن نەمێننەوە.
هەروەها داواش لە مامۆستایانی ئایینی دەكات لە گوتاری رۆژی هەینی داهاتوودا، بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، باسی ئەم بڕیارە بكەن و هاووڵاتییانی لێ ئاگادار بكەنەوە.