راچڵەكین-
ئیسرائیل و فەڵەستین
ئیسرائیل دەوڵەتێكی رۆژھەڵاتی ناوەراستەو بەشێوەیەكی رێژەیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە ، رووبەری خاكەكەی نزیكەی ٢٢ ھەزار كیلۆمەترە، بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٦ ، ژمارەی دانیشتوانەكەی ٩,٢٠٣,٦٤٠ كەسە ، فەلەستنیش ناوچەیەكی خۆبەرێوبەری عەرەبەكانە ، لە ٦,٢٢٠ كیلۆمەتر پێكدێت ، ناوچەی كەناری خۆرئاوا ٥,٨٦٠ كیلۆمەترە و ناوچەی كەرتی غەززەش ٣٦٠ كلیۆمەترە، دانیشتوانی ناوچەی دەسەڵاتی فەلەستینی ٤.٣ ملیۆن كەسە ، لە كەناری خۆرئاوا ٢.٥ ملیۆن و لە كەرتی غەزەش ١.٩ ملیۆن كەس دەژی .
كەرتەكانی بەرھەمھێنان لە ئابووری ئیسرائیل و فەلەستیندا
كەرتە ئابوورییە سەرەكییەكان لە ئابووری ئیسرائیلدا بریتین لە بەرھەمی تەكنەلۆژیای ئاستبەرز، بەرھەمی كانزا، ئامێری ئەلیكترۆنی، ئامێری بایۆپزیشكی، بەرھەمی كشتوكاڵی، خۆراكی پرۆسێس كراو، ماددە كیمیاییەكان و ئامێری گواستنەوە؛ ھەروەھا پیشەسازی ئەڵماسی ئیسرائیل بەشێكی گرنگی ھەناردەی ئیسرائیل پێكدێنێ و ئیسرائیل یەكێكە لە ناوەندە گرنگھكانی جیھان بۆ بڕین و بەكارھێنانی ئەڵماس. ئیسرائیل تاڕادەیەك لە سامانی سروشتی بێبەشە، پشت بە ھاوردەكردنی نەوت، كەرەستەی خاو، گەنم، ئۆتۆمبێل، ئەڵماسی نەبڕاو و شتومەكی بەرھەمھێنان دەبەستێت، ھەرچەندە لەم ساڵانەی دوایدا برێكی گەورە غازی دۆزیوەتەوە لە كەناراوەكانی وڵاتدا ، كە ئەمە رەنگە بۆ داھاتوو گەشەیەكی گەورە بە ئابووری ئیسرائیلی ببەخشیت.
ئابووری فەلەستینی بەشێوەیەكی گشتی ئابوورییەكی كشتوكاڵییە ، بەشێوەیەكی فەرمی ١٣.٤% كۆی دەستی كار لە كشتوكالدایە و زیاتر ٦٤% ھاولاتیان بە شیوەی جیاواز سەرقاڵی كشتوكاڵن ، لە فەلەستیندا ١٨٣ ھەزار ھێكتار زەوی بۆ كشتوكاڵ بەكار دێ و بەشێوەیەكی بنەرەتی زەیتوون بەرھەمدێنن ، ھەروەھا بەردبڕین سەرچاوەیەكی سەرەكی داھات بۆ ئابووری فەلەستین پێكدەھێنێت. تێكڕای بەرھەمی ساڵانەی ھەر كرێكارێك لە پیشەسازی بەرددا لە ھەموو كەرتەكانی تر زیاترە. لە كەرتی ڕۆژئاوا ٦٥٠ دامەزراوەی بەرھەمھێنانی بەرد ھەیە .
داتاكان لەنێوان ئابووری ئیسرائیل و فەلەستیندا
كۆی داھاتی نیشتیمانی لە ئیسرائیلدا لە ساڵی ٢٠٢٢، ٥٢٢.٠٣ ملیار دۆلاری ئەمریكی بوە ، كۆی داھاتی نیشتیمانی فەلەستین بە پێی راپۆرتی تایبەتی دەسەڵاتی نەختینەیی فەلەستینی لە ھەمان ساڵدا ١٥.٦ ملیار دۆلار بوە، پشكی تاكەكەس لە كۆی داھاتی نیشتیمانی لە ئیسرائیل ٤٢ ھەزار و ٥٩٤ دۆلار بوە ، پشكی تاكەكەسی فەلەستین لە كۆی داھاتی نیشتیمانی ٢ ھەزار ٧١٧ دۆلار بوە، واتە پشكی ھاوڵاتی ئیسرائیلی لە داھاتی نیشتیمانی شانزە ئەوەندەی پشكی ھاوڵاتی فەلەستینە، گەشەی ساڵانەی ئابووری ئیسرائیل بۆ ساڵی ٢٠٢٢، ٨.٦%، گەشەی ساڵانەی ئابووری فەلەستین ٣.٦% بوە
رێژەی بێكاری لە ئیسرائیلدا ٣.١%، بێكاری لە فەلەستین ناوچە كەناری خۆرئاوا ١٣.١% ، بێكاری لە كەرتی غەززە ٤٥.٣%
ئومێد قەرەداغی