سالار مه‌حمود: هه‌موو ئامانجی یه‌كێتی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌

چاوپێکەوتن

25/10/2023     ژمارەی بینراو 371

راچڵەكین-

سالار مه‌حمود، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی رایگه‌یاند، یه‌كێتی هیچ جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌وی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان قبوڵ ناكات، هه‌موو ئامانجی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌.

سالار مه‌حمود، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی رایگه‌یاند:"یه‌كێتی هیچ جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌كی ماددی و مه‌عنه‌وی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان قبوڵ ناكات و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك ده‌بێت، له‌ئێستادا یه‌كێتییه‌كی به‌هێز به‌هه‌موو مانایه‌كه‌وه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دایه‌ و ستراتیژ و پلانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و هه‌موو ئامانجی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌".

سالار مه‌حمود ده‌شڵێت: "یه‌كێتی به‌هێزی وه‌رچه‌رخانه‌ گرنگه‌كانی مێژووی 50 ساڵه‌ی عیراق و كوردستان ده‌زانرێت، ئه‌م زه‌خیره‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌ ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ بۆ پێگه‌ی رێبه‌ری ئێمه‌ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی گه‌لی كوردستان و دیموكراسی عیراق سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ سه‌رمایه‌یه‌كی به‌هێزی له‌ توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هێزه‌ كوردستانییه‌كان و هێزه‌ دیموكراتییه‌كانی عیراق بۆ به‌جێهێشتووین و ئه‌ركیشمانه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ جارێكی تر ببوژێنینه‌وه‌".


ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

*له‌دوای پێنجه‌مین كۆنگره‌، ده‌ركه‌وتووه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر له‌پێشتر یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كده‌نگه‌، چۆن ئه‌م یه‌كهه‌ڵویستییه‌ ده‌چێته‌ بواری خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ ؟

- سالار مه‌حمود: "به‌ستنی پێنجه‌مین كۆنگره‌ له‌ژێر دروشمی نوێگه‌ری له‌كار و كۆده‌نگی له‌بڕ‌یار به‌سه‌ركه‌وتوی ئامانجه‌كانی خۆی پێكا، به‌وه‌ی وتارێكی روونی هه‌بێت له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان و یه‌كده‌نگییه‌كی ته‌واو دروستبكات بۆ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی داهاتوو كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌جێبه‌جێكردنی په‌یڕ‌ه‌و پرۆگرامی یه‌كێتی كه‌ ده‌ستوری حزبه‌كه‌یه‌، یه‌كێتی به‌رپرسیاره‌ له‌دۆخی عیراق و كوردستان، نه‌ك ئه‌مڕ‌ۆ یه‌كێتی یه‌ك ده‌نگه‌، به‌ڵكو له‌هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ په‌رتبووه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆشێتی وه‌ك هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی عیراق و كوردستان بۆ راپه‌ڕ‌اندنی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كان" .

"له‌م ساته‌وه‌خته‌شدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ڵام له‌ دوای ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م بابه‌تی یه‌كڕ‌یزی و یه‌كده‌نگی یه‌كێتییه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ یه‌كڕ‌یزی هێزه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ وتارێكی هاوبه‌ش و ستراتیژێكی هاوبه‌ش، دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریكێكی راسته‌قینه‌ی هاوبه‌ش له‌ به‌ڕ‌ێوه‌بردن و پاراستنی هاوسه‌نگی له‌ كوردستان له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش یه‌كێتی به‌ نه‌فه‌سێكی سیاسی دیبلۆماسی و نیشتمانی به‌رپرسیارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆی پرسه‌كان ده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌مای بڕ‌یاره‌ په‌سه‌ندكراوه‌كانی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی".

*یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌یه‌وێت به‌كۆده‌نگی هه‌م له‌ ناوخۆی حزب هه‌م له‌ناو حزبه‌كانی دیكه‌ په‌ڕ‌ه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبداته‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟

- سالار مه‌حمود:" به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێتی په‌رۆشی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌ و ئاوڕ‌ ده‌داته‌وه‌ له‌ ٣٠ ساڵی رابردوودا ده‌رفه‌تی زیاتر هه‌بووه‌ كه‌ باشتر بیخه‌ینه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و بووژانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی ئابووری كوردستان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام ناكۆكی و ململانێكان رێگرییان كرد هه‌ندێك جار وه‌ك پێویست بتوانرێت له‌ ئاستی حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی زیاتر خزمه‌ت بكرێن، یه‌كێتی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌رپه‌رچی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دایه‌وه‌، یه‌كێتی دژی ئه‌وه‌ بوو حكومه‌ت بۆ پێگه‌ی تاكه‌ كه‌س و حزبێكی دیاریكراو به‌كاربهێنرێت، له‌ناو حكومڕ‌انییه‌كی ئیئتیلافی هاوپه‌یمانیدا  نابێت لایه‌ك قۆرخی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌ت بكات و جیاوازی بكات له‌ ناوچه‌كاندا، له‌م رووه‌وه‌ یه‌كێتی هه‌م پشوو درێژ بوو له‌وه‌ی كه‌ له‌لایه‌ك یه‌كده‌نگی كورد له‌ به‌غدا بپارێزێت، له‌لایه‌كی تریش هه‌ڵبدات ئه‌م ململانێیه‌ بباته‌ ئاستێك به‌رامبه‌ره‌كان تێبگه‌یه‌نێت كه‌ ناتوانێت به‌م جۆره‌ حكومڕ‌انییه‌ به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان نیگه‌رانن و گله‌ییان هه‌یه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی به‌رپرس و مێژووكرده‌ حزبی روبارێك خوێنه‌ كه‌ زیاتر ٢٦ هه‌زار شه‌هیدی هه‌یه‌، بۆیه‌ یه‌كێتی به‌وپه‌ڕ‌ی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ خۆی ئاماده‌كردووه‌ بۆ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی داهاتووی كه‌ ئاسان نین، به‌ڵام به‌یه‌كڕ‌یزی و ئیراده‌ی هاوبه‌شی نێوان یه‌كێتی كه‌ له‌ئێستادا یه‌كێتی ناو یه‌كێتی له‌ هه‌موو كات پارێزراوتره‌ ده‌توانین رووبه‌ڕ‌وی تێپه‌ڕ‌اندنی كێشه‌كان ببینه‌وه‌."


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن