راچڵەكین -
دادگای باڵای فیدراڵی وەڵامی محەمەد حەلبوسی دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی ناوبراو لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە دەسەڵاتی دادگاكەدایەو تانەشی لێنادرێت.
جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد رێكان حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارێكی پابەندكراوە بۆ هەموو دەسەڵاتەكان و تانەی یاساییشی لێنادرێت.
سەرۆكی دادگای فیدراڵی وەك وەڵامێكیش بۆ حەلبوسی كە رایگەیاندبوو هەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی پەرلەمانتار لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە، وتی:" بەپێی ماددەی 93 لە دەستووری هەمیشەیی عیراق، دادگای باڵای فیدراڵی تایبەتمەندە بە بینینی ئەو جۆرە دۆسییانە، بڕیارەكەشی تەواو یاساییە".
رۆژی سێشەممە 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكی پەرلەمانتار لەیس دلێمی كە لەسەر محەمەد حەلبوسی تۆماری كردبوو، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەران.