نوێترین ئاماری قوربانیانی كەرتی غەززە بڵاودەكرێتەوە

جیهان

23/11/2023     ژمارەی بینراو 285

راچڵەكین -

ژمارەی قوربانیانی كەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامبوونی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل، بۆ نزیكەی 15 هەزار كەس بەرزدەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستی غەززەش ئاشكرایدەكات، تەنها ئەمڕۆ دەیان كەسی دیكە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل كوژراون.

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە كەرتی غەززە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی كوژراوانی هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەكانی كەرتی غەززە، بۆ 14 هەزارو 854 كەس بەرزبووەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

وەزارەتەكە ئاشكراشیكردووە، ژمارەی بریندارانیش بەهەمان شێوە بەرزبووەتەوەو گەیشتووەتە زیاتر لە 36 هەزار كەس، كە برینی زۆربەیان سەختە، تائێستاش نزیكەی حەوت هەزارو 400 كەسی دیكە بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە. 

هەرچەندە رێككەوتن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس كراوە بۆ ئاگربەست، كە بە نێوەندگیری ئەمریكاو قەتەرو میسر بووەو بڕیارە كاتژمێر 7ی بەیانی سبەینێ هەینی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو دیل و بارمەتەكانی نێوان هەردوولا ئازاد بكرێن، بەڵام تا ئەمڕۆش هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاكانی كەرتی غەززە، بەردەوام بووەو بەپێی ئامارەكانی تەندروستی غەززە، لەئەنجامی بۆردومانكردنی چەند خوێندنگەیەكی ئۆنروا كە هاوولاتیانی فەلەستینی پەنایان بۆی بردووە، دەیان كەس كوژران و ژمارەیەكی زۆرتریش بریندار بوون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن