شەوی رابردوو لەگوڵەخانە چی ڕوویدا؟

ڕاپۆرت

18/02/2024     ژمارەی بینراو 893

راچڵەكین-

شەوی رابردوو گرژییەكانی نێوان محەممەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و عەبدوڵای حاجی مەحمود-ی برایی و لەهەمان كاتدا جێگری سەرۆكی حزبەك جارێكی دیكە سەریانهەڵدایەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە كۆتایی هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوو، سەڵاح عەلی، بەرپرسی كاروباری پێشمەرگە (كە بە كەسێكی نزیك لە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود دادەنرێت و لەهەمان كاتدا زاوایەتی) بە بڕیاری محەمەدی حاجی مەحمود،لە پۆستەكەی لادرا و، حسێن خەلیفە لە شوێنی ئەو دانرا.
 
دوای ئەو بڕیارەش، جارێكی تر گرژی لەنێوان محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموودی برای سەریهەڵداوەتەوەو كوڕێكی سەڵاح عەلی لە گوڵەخانە تەقەی كردووە.

هاوكات سەرچاوەیەك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، لەپێناو دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكە هێزیان ناردووەتە نزیك گوڵەخانە. 

هەر ئەمڕۆ یەكشەممە محەمەدی حاجی مەحمود لە گوڵەخانە، چاویكەوت بە لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی سەركردایەتی  پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان.


هاوكات، عەبدوڵا حاجی مەحمود، لەگەڵ كارگێڕ و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندەكانی سنوری (هەولێر و بادینان) كۆبووەوە.

لەراگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە:"سەرجەم بەشداربووان جەختیان كردەوە كە بنەمای كاركردنمان تەنها پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی حەوتەمی حزبمانە."


 

لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرژیی كەوتووەتە نێوان محەممەدی حاجی مەحمودو عەبدوڵای حاجی مەحمودی برای ،بەتایبەتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی یانەی وەرزشیی بەختیاری، به‌ڵام بەووتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكێشەی نێوان ئەو دووبرایە:" له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كه‌ بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی كوڕێكی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كە شوێنی بە عەبدوڵای برای لێژكردووە." 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن