"لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760 - برادەران ئاگادار بكە 7ی مانگ زەماوەند بكەن"

ڕاپۆرت

07/03/2024     ژمارەی بینراو 206

سجنی سەرەوە- سلێمانی فۆتۆ/ فایەق حەمەساڵح

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

لە 7ی ئازاری ساڵی 1991 راپەڕین لەدوای رانیە و بازیان گەیشتە شاری سلێمانی و بەدروشمی  (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760 - برادەران ئاگادار بكە 7ی مانگ زەماوەند بكەن) راپەڕینی سەرجەم چین وتوێژەكانی شاری سلێمانی دژی رژێمی بەعسی رووخاو ئەنجامدرا. 

ئێوارەی 6-3-1991 پاش گەیشتنی هەواڵی رزگاركردنی رانیەو بازیان، لەسلێمانی جوڵەو شڵەژان هەستی پێدەكرا.

یەكێك لە بەشداربووانی راپەرینەكەی سلێمانی كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە راچڵەكین-ی راگەیاند:" راپەرینی سلێمانی لەلایەن رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمیتەكانی شوراو رەوتی كۆمۆنیست و شانەچەكدارەكان بە تەنسیق لەیەك كاتی دیاری كراودا لە فولكەی دەستارەكە، سەرشەقام، خەبات، ئازادی، مەجید بەگ، بەختیاری و زەرگەتە لەكاتژمێر 6:30 خولەكی بەیانی بە تەقەو بانگەواز دەستمان پێ كردو كاتژمێر7:00  شەڕی قورس دامەزرا و هەموو شار بووە ئاگری چەك بەرووی بەعسیەكان دا."

وتیشی:" لەكاتژمێر 7:00ی بەیانی سێ شەهید هەبوو لە گەرەكی سەرشەقام و فولكەی دەستارەكە،بە ناوەكانی( شوكران قادر، دڵشاد كەمال، سەعدە والی دواتر بەكر قەساب ) لەماوەی دوو رۆژدا 142 كەس شەهید بوون.

لیستی ناوی ئەو كەسانەی لە رۆژانی 7-8-3-1991ی راپەڕینی سلێمانی شەهیدبوون.

 

بروسكەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، چۆن نووسراو كێ نووسی و مەبەست لەچی بوو؟ خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین، خاوەنی بیرۆكەی جفرەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، كە هاوكات سەرپەرشتیاری شانە چەكدارەكانی شاڵاو بوو لە ناو شاری سلێمانی، دەڵێت: "ئەوە لە ماڵی كاك حەمە نوری مام ئەحمەد ناسراو بەهاوڕێ موراد ئەندامی رێكخراوی سلێمانی كۆمەڵە لەگەڕەكی دورئەمنی ئەوكات نووسیم، مەبەست لە شەخسێكی دیاریكراو نییە، بەڵام وەك رەمزێك بوو بۆ دیاریكردنی رۆژەكەو لەماوەی شەش مانگی رابردوودای ئەوكاتەدا نزیك بە 100 تعمیم (پەخشنامە) بۆ رێكخستنەكان و شانە چەكدارەكان نوسیبوو، لەهەموو یاندا سەرنجمان بۆ ئەوە راكێشابوون، كە دەبێ بەردەوام متابەعەی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بكەن بۆ فەرمان وەرگرتن، ئێمەش لەڕێی هەردوو رەتڵی پارتیزانەكانی گەرمیان كە ئەوكات شەهید حەمەرەش بەرپرسیان بوو، لەگەڵ رەتڵی سورداش كە شەهید غەریب هەڵەدنی فەرماندەی رەتڵ بوو، پەیوەندی بەردەواممان هەم بە ناوەندی كۆمەڵە بەتایبەت كاك نەوشیروان مستەفاو رادیۆوە هەبوو بروسكەو بانگەوازەكانمان بۆ رادیۆ دەنارد".

خالید رەزا پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت: "بەتەنها یەكێتی لە دەمە دەمی راپەریندا رادیۆی هەبوو، رادیۆیەكی جێگیر لەسەر شەپۆلی 75 لەسەقز ئەویتریان گەڕۆك بوو لەلای كاك نەوشیروان بوو لە زەڵێ و قاسمەڕەش و بوونە دەنگی راپەڕین".

فایەق حەمەساڵح بەوێنەكانی دیمەنەكانی راپەڕینی سلێمانی دەگیڕێتەوە و هەگبەكەی پڕە لەیادەوەری ئەو رۆژە.

بەشێك لە وێنەكانی فایەق حەمە ساڵح لە یەكەم رۆژی راپەڕین 7/3/1991

ژووری لەسێدارەدان- ئەمنە سورەكە

ساتی كۆنترۆڵكردنی منەزەمەی بەعس

سجنی سەرەوە- شەقامی پیرەمێرد

منەزەمەی بەعس- شەقامی توی مەلیك

سەربازگەی عەربەت

سجنی سەرەوە- شەقامی پیرەمێرد

چارەسەركردنی بریندارانی بەعس- مزگەوتی عەبدوڵا لوتفی

شەهیدبوونی باوك و كوڕێك لەبەردەم منەزەمەی بەعس شەقامی سالم

بەردەركی سەرا

راپەڕین لە 5ی ئازاری 1991 لە شاری رانیەوە دەستیپێكرد و تا 21ی ئازاری 1991 لەپاش ئازادكردنی كەركوك كۆتاییهات، كە بەو شێوەیە دام و دەزگاكانی رژێمی بەعس لە باشوری كوردستان كرانە دەرەوە و سەرجەم هێز و سەربازەكانیان كوژران و راونران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن