هەولێر.. لایەنە پەیوەندیدارەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

کوردستان

17/03/2024     ژمارەی بینراو 679

راچڵەكین -

پارێزگای هەولێر وەك ئامادەكارییەك بۆ هاتنی شەپۆلێكی بەخوڕی بارانبارین، بڕیار دەدات هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و چاوەڕوانەكراو لە ئامادەباشیدابن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگاكە ئەنجامدرا، سەبارەت بە ڕەوشی كەشوهەواو و پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ ئەو ڕێژە بارانبارینەی كە چاوەڕوان دەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دیوانی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەكەدا، دوای هەڵسانگدن بۆ ڕەوشەكەو پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی كەشناسی و پێشبینییەكان بۆ رەوشی كەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

یەكەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان، هەریەك لە سنووری خۆی ژوورێكی  عەمەلیات پێكدەهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو گرفت و كێشانەی كە دەبنە هۆكار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
 
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاوەڕۆ و ئاودێری، بەردەوام دەبن لە پاككردنەوەی ڕێرەكانی (ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، كەند و سەرجەم چاڵەكانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەكان، ئاوەڕۆكان).

سێیەم/ سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕیوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان، لەگەڵ سەرجەم تیمەكانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەكتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێكی چاوەڕوان نەكراو.

چوارەم/ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، وەك پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەركیەكانی دەرەوەی شار دابەشدەكرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاككردنەوە و رێكخستنەوە و پاككردنەوە ڕێگای سەرەكییەكان.

پێنجەم/ (ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو. 

شەشەم/ ناوەندی قەیرانەكانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەركردنی هەر ڕووداوێك و دروستبوونی هەر كێشە و گرفت و حاڵەتێكی نەخوازراو.

حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەكان، لە بەرامبەر پاككردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورسی كەند و سەرجەم چاڵەكانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەكان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی سنوورەكانیان  بەرپرسیارن.

هەشتەم/ داوای لە هاوڵاتییان دەكەین هەمانگ و هاوكاری تیمەكانبن و پابەندی ڕێكار و ڕێنماییەكانبن، لەحاڵەتی باران بارینی زۆر نزیكی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە كە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەكان لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر كەمتەر خەمییەك لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیان هەریەكە و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیار دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن