مەكتەبی سیاسیی یەكێتی راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

19/03/2024     ژمارەی بینراو 825

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەكەوە بێت ، پاشەكشەیە لە كاروانی دیموكراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەكانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، كۆبووەوەو راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەسەرپەرشتی سەرۆك بافل جەلال تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسیی كۆبۆوە بۆ تاوتوێكردنی  دوا ئامادەكاری یەكێتیی لەسەرجەم بازنەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆك و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤  لە هەرێم بكرێت.

كۆبوونەوەكە  پێداگری كردەوە لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشكردنی مووچە وەك ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی  كە ئەمرۆ (١٩-٣-٢٠٢٤) لە دەباشان بەرێوەچوو وێرای وەبیرهێنانەوەی  ئامادەگەیی لەمێژینەی یەكێتیی بۆ هەڵبژاردن، تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیشی كردەوە كە پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و بێ دواكەوتن بكرێت. وەك تەنهاو تەنها  رێگای راست و رەوای نوێكردنەوەی پرۆسەی دیموكراسیی و شەرعیەتی حوكمڕانی لەوڵاتەكەماندا.

كۆبوونەوە پێی وایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا، بەهەر بیانووییەكەوە بێت، پاشەكشەیە لە كاروانی دیموكراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەكانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئكیدیشی كردەوە پاراستنی قەوارەكەمان لە هەڕەشەو مەترسی، تەنها لەرێی گەڕانەوە  بۆ ڕای كۆمەڵانی خەڵك و دیاریكردنی نوێنەرەكانیان لە هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پاك و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت كە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی كێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵك.

كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی هەڵوەستەی  لەئاستی ئەو راستیەشدا كرد كە ئەزموونی  زیاتر لە سێ دەیەی كوردستانی ئازاد بە  قوربانیدانی خەڵكی كوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستكردنی دیموكراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای كۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بكات كە پشتیوانی لە ئەزموونێك دەكات ئازاد و دیموكرات و شەرعی بێت.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
١٩-٣-٢٠٢٤


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن