كۆمەڵی دادگەری لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەڵوێستی ئاشكرا دەكات

کوردستان

19/03/2024     ژمارەی بینراو 561

راچڵەكین -

كۆمەڵی دادگەری داوا دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە، بەڕێوەبچێت و راشیدەگەیەنێت: هیوادارین هیچ لەمپەرو رێگرییەك نەخرێتە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەكە.

ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دابەشكردنی مووچە ئاشكراكردووەو تایبەت بەپرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان رایگەیاندووە، ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و، هیوادارین هیچ لەمپەرو رێگرییەك نەخرێتە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەكە.

لەبارەی دابەشكردنی مووچەش، كۆمەڵكی دادگەری ئاماژەی بەوەكردووە، زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ موچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراو لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە، دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی هەموو موچەخۆرانی دابەشبكردایە.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، "دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی رەمەزاندا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە، كە تاكە سەرچاوەی ژیانی ئەو موچەیەیە".

سەبارەت بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراقیش، ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاندووە، هەرجۆرە ئینكارییەك كە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی دا، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی زیاتر دەكاتەوە و دوور نییە چوارچێوە دەستوری و یاساییەكەی هەرێم لەدەست بدەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن