كەمپەكانی ئاوارەكان بە تەواوەتی دادەخرێن

عێراق

20/03/2024     ژمارەی بینراو 228


راچڵەكین-  

ئیڤان فائیق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، وادەی داخستنی تەواوەتی كەمپەكانی ئاوارەكان دیاری دەكات. 

وەزیری كۆچ و كۆچبەران لە لێدوانێكیدا رایگەیاند: "رۆژی 30ی تەمموزی داهاتوومان وەك وادەی داخستنی تەواوەتی كەمپەكان دیاریكردووە".


بە وتەی ئیڤان فائیق جابرۆ:"ئیرادەیەكی راستەقینە هەیە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسێی ئاوارەكان، وەزارەتەكەشیان پابەندە بە كۆتاییهێنان بە ئاوارەبوون و توانای ئەوەش هەیە لە ماوەی مانگێكدا دۆسێكە دابخرێت". 

جابرۆ  دەڵێت"حكومەت بڕیاری داوە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان،  یارمەتییەكان  لە ملیۆنێك دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار زیاد بكرێن". 


ئیڤان فائیق  باسی لە كۆتایی هێنان بە پشتیوانی وەزارەتەكەی كرد بۆ كەمپەكان لەدوای 30ی تەمموزی داهاتووەوە، بە جۆرێك كە لەمەودوا هەوڵە خزمەتگوزارییەكانیان لە شنگالدا كۆدەكەنەوە. 

  بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی  كۆچ و كۆچبەران، لەگەڵ داخستنی كەمپەكانی سلێمانی و نەینەوا، ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ كەمتر لە 30 هەزار خێزانی ئاوارە كەمبووەتەوە. 

پێشتر وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، داخستنی كەمپی تازە دێی لە سلێمانی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی دوایین  بەشی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین گەڕانەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن