دادگاى فیدراڵی هەڕەشە دەكات: رێكاریی یاسایی دەگرینەبەر

ڕاپۆرت

21/03/2024     ژمارەی بینراو 422


راچڵەكین- 
دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، باس لە هێرشی میدیایی ناوخۆیی و دەرەكی "سیاسی" دەكات كە رووبەڕووی بووەتەوە و "شەرعیەتی دادگاكەیان كردووەتە ئامانج"، جەختیش لەسەر گرتنەبەری رێكاریی یاسایی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوە و پوچەڵكردنەوەیان دەكاتەوە.   

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن میدیای دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڵاوكرایەوە"ئامانج لە كاروبارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی لە كاروبار و پسپۆڕییەكانی، جێبەجێكردنی راست و دروستی دەستورە، بەجۆرێك یەكێتیی عیراق و بنیاتنانی سیستمی كۆماریی نوێنەرایەتی پەرلەمانی دیموكراتی بپارێزێت كە بنەمای دەستاودەستپێكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانی وڵاتە، وێڕای بنەما دەستورییەكانی تر، بۆ مەبەستی بنیاتنانی دەوڵەت بەشێوەیەك ببێتە مایەی هێنانەدی دادپەروەریی  و نەهێشتنی ستەم و پاراستنی سەروەت و سامانی گشتی و بەكارهێنانی بۆ بەرژەوەندی گەل و هێنانەدی سەروەریی یاسا". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە"ئەمەش پێویستی بە پابەندكردنی هەموو دەسەڵاتەكانە بە سنووری پسپۆڕیی دەستوریی خۆیان، و دەستنەبردنی دەسەڵاتە خۆجێییەكان بۆ ئەو كاروبارانەی تایبەتن بە دەسەڵاتی فیدراڵی، چونكە ئەو كارە پەیوەندی بە سەروەریی و یەكێتی وڵاتەوە هەیە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە خۆجێییەكانی هەرێم و پارێزگاكان و رەچاوكردنی تایبەتمەندییە هاوبەشەكان لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵی و خۆجێیەكان". 

دادگای فیدراڵی دەڵێت"دادگای باڵای فیدراڵی، لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەی دەریكردووە بۆ پاراستنی دەستور، رووبەڕووی هێرشێكی میدیایی ناوخۆیی و دەرەكی بووەتەوە كە بۆ رێگرتنە لە تەواوكردنی ئەركە دەستورییەكانی بەرامبەر بە نیشتمان و گەل، لەو بڕوایەشدان ئەو هێرشە سیاسییە و ئامانج لێی ناوزڕاندنی دادگای باڵای فیدراڵی و بەئامانجگرتنی شەرعیەتی دادگاكە و زیانگەیاندنە بە سەربەخۆیی دادوەریی، بۆیە پێویستە هەموو رێكارێكی یاسایی بگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوە و پوچەڵكردنەوەی". 

چوارچێوەی هەماهەنگی: نابێت بێ‌ رێزی بە دادگای فیدراڵی بكرێت 
چوارچێوەی هەماهەنگی كە لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتی ئێستای عیراقە، پشتیوانی خۆی بۆ دادگای باڵای فیدراڵ دووپاتدەكاتەوە و جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان و پاراستنی هاوسەنگی دەستوری لە بڕیاردان و میكانیزمەكانی جێبەجێكردن و چاودێری دەكاتەوە. 
بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاوكرایەوە"جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و رێگرتن لە زێدەڕۆیی دەسەڵاتێك بۆسەر دەسەڵاتێكی تر بۆ پاراستنی هاوسەنگی دەستوری لە بڕیاردان و میكانیزمەكانی جێبەجێكردن و چاودێری، دەكەینەوە". 

هەر لە راگەیەندراوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە"بە چاوی رێزەوە دەڕوانینە دادگای باڵای فیدراڵی و دادوەر جاسم عمێری سەرۆكی دادگا، جەختیش لەسەر پێویستی رێزگرتن لە بڕیارەكانی دادگا و بێبایەخ نەكردنی دەكەینەوە". 
 چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو هێزەكان كرد، پابەندبن بە هەمان  پرۆگرام و پەپڕەوەوە. 

چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت"پابەندبوونی هەموو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە بڕیارەكانی پێشووی دادگای باڵای فیدراڵی وەبیردەهێنینەوە كە هەندێكیان لە بەژەوەندی نەبووە، بەڵام پابەندبووە لە چوارچێوەی رێزگرتن لە دەسەڵاتی دادوەریی دەستوری". 

"هێرشەكان بۆ سەر دادگای فیدراڵی سیاسیین"
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق، داوا دەكات بەرگری لە دادگای فیدراڵی بكرێت و پێیوایە رووبەڕووی هێرشێكی گەورەی بەرنامەبۆداڕێژراو بووەتەوە كە سیاسییە.  

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن عەللا دولفی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە هاوپەیمانی نەسر، بڵاوكرایەوە"دادگای فیدراڵ و بە دیاریكراوی دادوەر جاسم عمێری سەرۆكی دادگاكە لە ناوخۆ و دەرەوە رووبەڕووی هێرشێكی گەورەی بەرنامەبۆداڕێژراو دەبێتەوە". 

دولفی لە راگەیەندراوەكەدا دەڵێت"ئامانج لەو هێرشە ناوزڕاندنی دامەزراوەكەیە، بۆیە پێویستە لەبەرامبەر لێدوان و پۆست و بڵاوكراوەكاندا بەرەنگاریی ئەو هێرشانە ببینەوە و بە هەموو شێوەیەك بەرگری لێبكەین". 

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی نەسر"دادگای فیدراڵ هۆكاریی سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی دەستكەوتەكان و چەسپاندنی سیستم و رێزگرتنە لە سەروەریی یاسا".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن