ئایا بە دانانی ئاڵای تاجیکستان، دەتوانرێت ئاڵای کوردستان بۆ ئیمۆجییەکان زیادبکرێت؟

ستایل

23/03/2024     ژمارەی بینراو 290

 
راچڵەکین - سەربەست نەجمەدین

ماوەی چەند رۆژێکە فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دانانی ئاڵای تاجیکستان تەنراوە گوایە هۆکارێکە بۆ پاڵپشتی و زیادکردنی ئاڵای فەرمی کوردستان بۆ ئیمۆجییەکانی یونیکۆد.

سەیرم لەوەدێ رێژەیەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ بیرکردنەوەو بەدواداچوون، لەوە کارەساتتر بگرە زۆرێک لە میدیاکانیش بەبێ لێکۆڵینەوە هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی هەمان هەواڵ وەک "شەلم کوێرم دەستناپارێزم"هەموو شتێک بڵاودەکەنەوەو دەرخواردی خوێنەر و تاکی کوردی داماوی دەدەن.

من لە هەوڵی هیچ کەسێک کەم ناکەمەوە، بەڵام رێگە ستاندارد و دروستەکە بەمجۆرەیە لەسەر ئاستی جیهان:

ئینتەرنێت هەمووی سیستماتیکە، بۆیە زیادکردنی ئیمۆجی پەیوەندی بە سیستمی یونیکۆدەوە هەیە، واتە دەبێت هەر وێنە و بەرهەمێک بگۆڕدرێت بۆ شێوازێک تا پڕۆگرامینگی سیستمەکە لێی تێبگات، دواجار دەبێتە ستاندارد بۆ ئەو ماڵپەڕ و بەرنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی سیستمی یونیکۆد بەکاردەهێنن لەوانەش فەیسبوک.

بە نمونە زیادکردنی ئاڵای کوردستان پێویستی بەوە هەیە سیستمی یونیکۆد قبوڵی بکات، ئەمیش چۆن قبوڵی دەکات؟ دەبێت لە رێگەی پڕۆپۆزەڵێکەوە پێشکەشی بکرێت و وردەکاری و مەرجەکانی ئەو سیستمە لەخۆبگرێت.

یەکێک لە مەرجەکانی یونیکۆد ئەوەیە ئەڵێ زیادکردنی ئەو ئاڵایە بۆ گرنگە بەلای تۆوە یان بۆچی پێویستە؟ واتە چ هۆکارێک وادەکات ئەو ئاڵایە زیاد بکرێت و قورسایی چییە؟

بەگشتی پاڵنەرێکی بەهێزی دەوێ نەک بڵاوکردنەوەی ئاڵای تاجیکستان، چونکە ئەو ئاڵایە یەکلابۆتەوە کە هی وڵاتێکە و تایبەتمەندیی خۆی وەرگرتووە، ئەگەر دەڵێی لە ئاڵای کوردستان دەچێت ئەوە دەیان ئاڵای تر هەیە کە زۆر نزیکن لەیەکترەوەو ناکرێت ئەوە ببێتە پێوەرێک بۆ زیادکردنی ئاڵای کوردستان، کەواتە بەو حسابە بێ خەڵکی تاجیکستان کاتێک ئاڵای خۆیان دادەنێن ئەمیش دەبێتە پاڵپشتی بۆ کوردستان؟ ئەگەر دەڵێن لۆکەیشن جیاوازە و لۆکەیش وەردەگرێت کەواتە ئەو کوردەی لە ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و یان هەر شوێنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئاڵای تاجیکستان دادەنێت چۆن حسابی بۆ دەکرێت؟ ئەسڵەن ئەم کۆمپانیایانە ئیشوکاریان نییە دێن لەبەر خاتری من و تۆ دەیان ئەلگۆریتم دروستدەکەن تا بزانن منێک لە سلێمانییەوە ئەو ئاڵایەم داناوە یان لە ئەوروپا و کیشوەرەکانی ترەوە پۆستم کردووە!

ئاخر ناکرێت ئاڵایەکی وڵاتێکی تر پێوەر و هۆکارێک بێت تا کۆمپانیایەک ئاڵا راستەقینەکە زیادبکات، ئەی کەواتە ئەو ئیمۆجی و ئاڵایانەی تر چۆن زیادکراون؟ ئەوانیش هاتوون یەک یەک ئاڵای هاوشێوەی خۆیان داوە بە خەڵکەکەیان بڵاوی بکەنەوەو دواتر زیادکراوە؟! ئەمە لۆجیکیی نییە!

یەکێک لە مەرجەکانی تری ئەو سیستمە ئەوەیە دەڵێت دەبێت داواکردنی ئیمۆجییەکە لە هەموو پلاتفۆڕمەکانی گوگڵ بووبێت بە ترێند، واتە بەدەر لە گوگڵ حساب بۆ هیچ سایت و تۆڕێکی دیکە ناکرێت! لەبەرئەوە خۆت عەزێت مەیە لە فەیسبوک.

مەرجێکی دیکەشی ئەوەیە دەڵێت داواکردن بۆ زیادکردنی ئاڵا، ئەگەر هاتوو وڵات نەبوو بەڵکو هەرێمێک بوو پێویستە بڕوانامەی رێکخراوی ئایزۆی هەبێت و ناسێندرابێت وەک هەرێمێک!

مەرجی تریشی هەیە بەس ئێستا ئیتر لەو بڕوایەدام ئەم سێ مەرجەی باسم کردووە بیرکردنەوەیەکی تری لای تۆ دروستکردووە و جیاوازیت لە پێشوو بۆیە کیفایەتە!

رێگە دروستەکە بەوجۆرەیە و ئەوان هەنگاو بە هەنگاو پڕۆسەکە ئەنجام دەدەن، لەهیچ گۆشەو نووسینێکیان ئاماژەیان بۆ ئەوە نەکردووە ئەو ئیمۆجییەی داوای دەکەیت زیادبکرێت داوا لە خەڵکی بکەیت هاوشێوەکەی بڵاوبکەنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان!

یونیکۆد بە تێبینی نووسیویەتی بەهەموو جۆرێک هەڵمەت و کەمپینی سۆشیال میدیا و دروستکردنی چیرۆک و هێنانەوەی پاساو بۆ زیادکردنی ئیمۆجییەک رەتدەکرێتەوە، واتە لەبری پاڵپشتی ئەمەی دەکرێت زیانی زۆرترە، ئەمە قسەی کۆمپانیایەکە نەک من!

هەروەها وتوشیانە لە ئەگەری رەتکردنەوەی داوکارییەکە بۆ هەمیشە ئەو کەیسە دادەخرێت، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر زیادبکرێت بۆ هەمیشە زیاددەکرێت و بەهیچ جۆرێک رێگە بە گۆڕین و دەستکاریکردنی ئیمۆجییەکە نادرێت.

سەرچاوەی ئەم نووسینەم پشتم بە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیای خاوەنی سیستمی یونیکۆد بەستووە، من هاتووم هەنگاوەکانم رونکردۆتەوەو دەمەوێت بەخەڵک بڵێم دانانی ئاڵای تاجیکستان هیچ بنەمایەکی نییە!

لە کۆتایشدا یونیکۆد دەڵێت پێشکەشکردن بۆ زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵا لەئێستادا قبوڵ ناکرێت! هۆکارەکەی روننەکردۆتەوە!

رێگا راستەکە بەوجۆرەیەو دوای  فەوزای سۆشیال میدیا مەکەوە!



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن