ماكرۆن: دەركردنی فەڵەستینییەكان لە ڕەفەح بە زۆرەملێ دەبێتە تاوانی جەنگ

جیهان

25/03/2024     ژمارەی بینراو 132

راچڵەكین-

سەركۆماری فەڕەنسا، رایگەیاند، دەركردنی فەڵەستینییەكان بە زۆرەملێ لە ڕەفەح لەلایەن ئیسرائیلەوە دەبێتە تاوانی جەنگ.

بەپێی ڕاگەیاندراوی كۆشكی ئەلیزێ، ئیمانوێل ماكرۆن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو ئەنجامداوە.

لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەكەدا ماكرۆن باسی لەوە كردووە، پلانیان هەیە پرۆژە یەسایەك بۆ دەستەبەركردنی ئاگربەستی بەپەلە و درێژخایەن لە غەززە پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بكەن.

ماكرۆن ئەوەشی خستووەتەڕوو كە دەركردنی فەڵەستینییەكان بە زۆرەملێ لە ڕەفەح لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییدا دەبێتە تاوانی جەنگ.

سەركۆماری فەڕەنسا داوایكردووە بە پەلە تەواوی دەروازەكان بكرێنەوە بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بە غەززە و، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە بە توندی ئیدانەی بڕیاری ئیسرائیلیان كردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەشت هەزار دۆنم زەوی لە كەرتی ڕۆژئاوای داگیركراو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن