ئەمریكا و بەریتانیا سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنن

جیهان

13/04/2024     ژمارەی بینراو 121

راچڵەكین -

هەریەك لە ئەمریكا و بەریتانیا لەچوارچێوەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا، بڕیاریاندا هاوردەكردنی ئەلەمینۆم و مس و نیكڵی بەرهەمهێنراوی ئەو وڵاتە قەدەغە بكەن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ڕاگەیاندراوێكدا، بڵاویكردەوە، واشنتۆن بە هەماهەنگی لەگەڵ لەندەن، بڕیاریاندا، ڕووسیا لە داهاتەكانی فرۆشتنی كانزاكانی ئەلەمنیۆم و مس و نیكڵ بێبەش بكەن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەمریكا و بەریتانیا جگە لە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەلەمنیۆم و مس و نیكڵی بەرهەمهێنراوی رووسیا، هاوكات بڕیاریشیاندا بازرگانیكردن بەو بەرهەمانەی رووسیا لە بۆرسە جیهانییەكانی تایبەت بە كانزاكان قەدەغە بكەن.

لەو چوارچێوەدا، بەرهەمەكانی ئەلەمنیۆم و مس و نیكڵی بەرهەمهێنراوی رووسیا، لە بۆرسەی لەندەن بۆ كانزاكان و بۆرسەی بازرگانیكردن لە شیكاگۆ، قەدەغەكران.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، واشنتۆن و لەندەن بە هاوبەشی هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی رووسیا لە داهاتی ئەو سەرچاوە گرنگە بێبەش بكەن.

لای خۆیەوە وەزارەتی دارایی بەریتانیا لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە رووسیا لە ڕێگای فرۆشتنی ئەلەمنیۆم و مس و نیكڵ، 40 ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت.

لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا، تائێستا ئەمریكاو بەریتانیاو وڵاتە هاوپەیمانەكانیان، هەزاران سزای جۆراوجۆریان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە بەرامبەریشدا رووسیا وەك وەڵامدانەوەیەك، سزای جۆراوجۆری بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاندووە كە بەوڵاتی نادۆست پۆلینی كردوون.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن