تۆڕی نێتفلێکس درامایەک لەسەر محەممەدرەزا پەهلەوی دروست دەکات

هەمەڕەنگ

21/05/2024     ژمارەی بینراو 361

راچڵەکین-

گۆڤاری سینەمایی "ڤێرایەتی" ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی زنجیرەی "دوایین شا" دەستی پێکردووە، کە باس لە ژیانی محەمەد ڕەزا پەهلەوی لە سەرەتای دەسەڵاتییەوە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ڕووخانی شانشینەکەی و هاتنی کۆماری ئیسلامی لە 1979 دەکات.

بەپێی راپۆرتەکە، زنجیرەی "دواین پاشا" لەلایەن مۆرای ڕۆزمارینەوە دەرهێنانی بۆ دەکرێت، کە ئیلهامیان لە زنجیرەی "تاج" وەرگرتووە، کە ئەو زنجیرەیە سەبارەت بە ژیان و حوکمڕانی شاژنی بەریتانیا، ئەلیزابێسی دووەمە.

زنجیرەی "تاج" لە 60 ئەڵقەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای نێتفلێکس و بەرهەمێنەرەکەی "پیتەر مۆرگان"ە.

ئاماژە بەوەش کراوە، زنجیرەی "دوایین شا" تەنیا چاوخشاندنێکی مێژوویی نییە بۆ ژینگەی سیاسی، بەڵکو بەدواداچوونە بۆ سەردەمی محەممەد ڕەزا پەهلەوی، فەرەح پەهلەوی هاوسەری سێیەمی، پەیوەندییە کەسییەکان و قەیرانی بنەماڵەیی و پیلانگێڕی و خیانەتەکانی ناو کۆشک ، و "ئاژاوەی ئایینی" لە وڵاتدا.

لەم ڕاپۆرتەدا باسی فەرەح پەهلەوی کراوە کە زۆرجار بە "جاکلین" هاوژینی جۆن ئێف کەنەدی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەراورد دەکرێت و، دەشڵێت فەرەح "پاڵەوانی مافەکانی ژنان و هونەری مۆدێرن" بووە.

هەروەها زنجیرەی "دواین شا" باس لە پرسی هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات پێش هاتنەسەر کاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، کە لەوکاتەدا سیاسەتی ئێران گۆڕا و دیپلۆماتکارانی ئەمریکایان بەدیلگرت و گرژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەریهەڵدا، هەروەها دوژمنایەتی لەگەڵ ئیسرائیل، لەگەڵ دامەزراندنی هاتنە سەر دەسەڵاتی رۆحوڵڵا خومەینیش باس دەکرێت.

بڕیارە ئەم زنجیرەیە بە هۆی ڕۆڵی ئێستای ئێران لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەییدا، بەم زووانە ئامادە بێت بۆ پەخشکردن.

مۆرای ڕۆزمارین، دەرهێنەری ئەم زنجیرەیە دەڵێت:" زۆر کەس بە تایبەت گەنجەکان نازانن پێش شۆڕشی 1979 و لە سەردەمی محەممەد ڕەزا شا، ئێران یەکێک بووە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و بە پێچەوانەی سیاسەتە شەڕانگێزەکانی کۆماری ئیسلامی، بەهێزترین هاوپەیمان بوو لەو سەردەمەدا."

ڕۆزمارین ڕۆژنامەنووس و نووسەر و دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرێکی لێکۆڵینەوەیە و لە تۆڕی "ئەی بی سی" میوانداری بەرنامەکانی کردووە و یەکەم فیلمی دیکۆمێنتاریی بەناوی خوێن و فرمێسک: ململانێی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 2006 بڵاوکرایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن