هەنگاوە توندەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ئاشکرا دەکرێن

جیهان

17/04/2024     ژمارەی بینراو 255

راچڵەکین-

ئەمریکا دەڵێت وەکو کاردانەوە لە بەرانبەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، گەڕێکی نوێی سزا بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسەپێنێت، لەوانەش سزا لەسەر فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە دادەنێت بۆ زیاتر پەکخستنی ئابووری ئێران.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، کە چەند سزایەک بەسەر ئێران دەسەپێنن، وەکو سزا خستنە سەر هەناردەکردنی درۆنی ئێرانی.

 

پێشتریش ئەمریکا بەبیانووی فرۆشتنی درۆن بە رووسیا، سزای خستبووە سەر ئێران.

وەزیری دارایی ئەمریکا، ئێرانی بە هۆکاری پشێوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و تێکدانی ئاسایشی ئابووری جیهان تۆمەتبار کردووە.

دەڵێت:" ئێران لە ڕێی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و هاوکاریکردنی حوسییەکان لە هێرشکردنە سەر ڕێڕەوەی بازرگانی جیهانی، ئاژاوەی دروستکردووە."

ئەمە لە کاتێدایە ئیسرائیل نامەی بۆ 32 وڵاتی جیهان ناردووە و، تێیدا داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات، کە لە بەرانبەر هێرشەکەی ئێران، سزای توند بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنن و سوپای پاسدارانیش بە دامەزراوەیەکی "تیرۆریستی" بناسێنن.

بەڵام ئێران هێرشەکەی سەر ئیسرائیل وەکو کاردانەوەیەک لە بەرانبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی سوریا دەزانێت، کە تێیدا 7 فەرماندە و ئەفسەری باڵای فەیلەقی قودس کوژران. دەڵێت :"مافی رەوای خۆمانە."

جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێت، ئەمجارە سزا و گەمارۆکان بەرنامەی پووشەکی و درۆنی ئێران و سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن