وەزارەتی شارەوانی رێنماییەكانی دابەشكردنی زەوی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

14/05/2024     ژمارەی بینراو 731

راچڵەكین -

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم، رێنماییەكانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بڵاودەكاتەوەو راوێژكارێكی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت: هەر فەرمانبەرێك سوودمەند نەبوو كە خزمەتی لە هەشت ساڵ كەمتر نەبێت، زەوی پێدەدرێت و سەرپشكیشە لەوەی لە شوێنی لەدایكبوونی یان لە شوێنی كاركردنی زەوی وەردەگرێت.

موفیدە یونس مستەفا، راوێژكاری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: رێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێكردووە و ڕێنمایی پێویست بۆ دابەشكردنی زەوییەكان ئامادەكراوە.

ووتی:" ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەندنەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتیان لە هەشت ساڵ كەمتر نییە، زەوییان پێدەدرێت، هاوكات وەرگرتنی زەوی فەرمانبەرانی خانەنشینیش دەگرێتەوە، كە پێشتر سوودمەندنەبوون لە وەرگرتنی زەوی".

راوێژكارەكەی وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەشكرد، بە ڕەچاوكردنی بەردەستبوونی زەوی، فەرمانبەران سەرپشك دەكرێن لەوەی لە شوێنی لەدایكبوونیان یان لە شوێنی كاركردنی ئێستایان زەوی وەردەگرن، بەگوێرەی پێویستی بوونی زەوی و بە ڕەچاوكردنی ساڵانی خزمەت و بڕوانامەو باری كەسیی، تیروپشك لەنێوان فەرمانبەراندا دەكرێت بۆ زەوییەكان.

دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەرانی سوودمەند نەبوو، لەچوارچێوەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دێت كە رۆژی 27-3-2024 دەریكردو تێیدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپارد بە تەرخانكردنی زەوی پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن