پنتاگۆن گولـلەبارانكردنی نیزاڵ حەسەن ڕاستەوخۆ پەخش دەكات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 996


راچڵەكین-

بەرپرسێكی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا دەڵێت، گوللەبارانكردنی نیزاڵ حەسەن ( تاوانبار بەهێرشە چەكدارییەكەی سەر بنكەی فۆرت هودی سەربازی لە 2009) ڕاستەوخۆ لەڕێی تۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە پەخش دەكرێت.

بەووتەی ئەو بەرپرسە بۆ فرانس پرێس كە داوایكردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە، لەئایندەیەكی نزیكدا وردەكاری جێبەجێكردنی سزاكەی نیزاڵ بڵاودەكرێتەوە.

پێشتریش بێت هێگسیس-ی وەزیری جەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند، جێبەجێكردنی سزاكەی نیزاڵ حەسەن بەڕاستەوخۆو ئاشكرا پەخشدەكرێت.

نیزاڵ حەسەن كەوەك پزیشكی دەروونی لەنێو ڕیزەكانی سوپای ئەمریكا كاری دەكردو پلەكەی ڕائیدبوو، لەساڵی 2009 دا لەناو بنكەی سەربازی فۆرت هود لە ویلایەتی تەكساس بەچەك هێرشیكردە سەر ژمارەیەك سەرباز، بەهۆیەوە 12 سەربازو كەسێكی مەدەنی كوژران، هاوكات 32 كەسی تر برینداربوون. دوای دەستگیركردنیشی بەبرینداری لەساڵی 2013 دا سزای مردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی یاسا سەربازییەكانی ئەمریكا بێت، پێویستە لەماوەی 60 تا 150 ڕۆژ سزای گولـلەبارانكردنی تاوانبار جێبەجێ بكرێت، بەڵام لە دۆسێكەی حەسەن-دا هیچ وادەیەك تائێستا دیاری نەكراوە.

بەجێبەجێكردنی، دەبێتە یەكەم بڕیاری گولـلەبارانكردن لە دامەزراوەی دادوەری سەربازی ئەمریكا لەدوای ساڵی 1961 كاتێك لەو ساڵەدا سەربازێكی ئەمریكی بەناوی جۆن بینێت تاوانباركرا بە دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی تەمەن 11 ساڵ لەنەمسا و هەوڵدان بۆ كوشتنی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن