چاڤی: دۆڕاندنەکەمان بەرانبەر ریال مەدرید دادپەروەرانە نەبوو

وەرزش

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 248

راچڵەکین-

راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پاش دۆرانی یانەکەیان لە کلاسیکۆی شەوی رابردوو دەڵێت، دۆڕاندنەکەمان دادپەروەرانە نەبووە.

شەوی رابردوو لە گەڕی 32ی خولی ئیسپانی، یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید رووبەرووی یەکتر بوونەوە، لە ئەنجامدا ریال مەدریدی خاوەن یاریگا بە 3 گۆڵ بەرانبەر بەدوو 2 گۆل یارییەکەی بردەوە.

بەدۆراندنی یانەی بەرشەلۆنە، هیوای رکابەریکردنی لەسەر نازناوی خولی ئیسپانی ناسراو بە لالیگا بەتەواوی کز بوو، ئێستا یانەکە 11 خاڵ لە یانەی ریال مەدریدی پێشەنگەوە دوورە، تەنها 6 گەری دیکە ماوە بۆ کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە.

چاڤی رەخنەی لە هەڵوێستی ناوبژیوان و بەرپرسانی لالیگا گرت، هۆکاری رەخنەکەشی ئەو دیمەنە بوو کە تۆپێکی لامین یامال لەسەر هێڵی گۆڵەکە لەلایەن لونینی گۆڵپارێزی ریال مەدرید گەڕایەوە و بەهۆی نەبوونی سیستەمی پێشکەوتوو لە هێڵی گۆڵ لە لالیگا، گومان لەسەر تێپەڕینی تۆپەکەی یامال لە هێڵی گۆڵەکە دروستبوو.

چاڤی دەڵێت:" بەڕاستی بێتاقەتم، بانگەشەی ئەوە دەکەین خولەکەمان باشترینە لە دونیا، بەڵام هەمووان بینیمان تۆپەکە لە هێڵی گۆڵ تێپەڕی. هەموو شتێک بەزیانی ئێمە تەواوبوو، لە یارییەکەی بەرانبەر گیتافێ لە سەرەتای وەرزەوە بیگرە تا ئێستا. من پێشتریش هۆشداریم دابوو کە هەندێک شت دەبینم جێی نیگەرانییە، ئەمڕۆش یەکێک بوو لەو رۆژانەی کە مایەی نیگەرانی بوو."

چاڤی ئەوەش دەڵێت :" شانازی بە تیمەکەمەوە دەکەم و لە رکابەرەکەمان باشترین بووین، هەلی زیاترمان هەبوو و یارییەکەمان کۆنترۆڵ کردبوو. ئێمە تەنها لەبەر هەندێک وردەکاری دۆڕاین، ئەمەش لەبەرئەوەی ئێمە لە سەردەمی تێپەڕین و خۆنوێکردنەوەداین."

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن