عیراق بڕیارێكی بەپەلە لەبارەی رێككەوتنەكان لەگەڵ توركیا دەدات

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 431

راچڵەكین -

حكومەتی عیراق بڕیار دەدات سەرجەم ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ توركیا واژۆی كردووە، بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، سوودانیش وەزیرەكانی حكومەتەكەی رادەسپێرێت چاودێریی وردی پرۆسەكە بكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سوودانی باسی لە سەردانەكەی دوێنێی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەغداو واژۆكردنی رێككەوتنی ستراتیجیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات كرد، كە 26 لێكتێگەیشتنی هاوبەشی لەسەرجەم بوارەكاندا لەخۆگرتووە.

سەرۆكوەزیرانی عیراق، داوای لەسەرجەم وەزیرەكانی حكومەتەكەی كرد، بەوردی چاودێری جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە بكەن و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ تەواوكردنی وردەكارییەكان، لەوانەش دەستبەكاربوونی لیژنە پەیوەندیدارەكان و دەستپێكردن بە جێبەجێكردنی سەرجەم رێككەوتنەكان.

دوێنێ دووشەممە، لەمیانی سەردانە فەرمییەكەی سەرۆككۆماری توركیا بۆ بەغدا، 26 لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان عیراق و توركیا واژۆكرا كە بۆماوەی 10 ساڵ بەردەوام دەبێت و دەرفەتی درێژكردنەوەشی هەیە بۆماوەی یەك ساڵ بە رەزامەندیی هەردوو وڵات، هەمان رۆژ لێكتێگەیشتنێكی چوارقۆڵی لەنێوان عیراق، توركیا، قەتەڕو ئیمارات واژۆكرا لەچوارچێوەی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن