جۆ بایدن پرۆژەیاسای ژینا ئەمینی واژۆ دەکات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 230

راچڵەکین-

ئەنجوومەنی پیرانی "سێنات"ی ئەمریکا پاکجێکی هاوکاری بیانی بە بەهای 95 ملیار دۆلار وەکو پشتیوانی سەربازی بۆ وڵاتانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان پەسەند کردووە، لەگەڵ پرۆژەیاسایەک بەناوی "مەهسا یان ژینا ئەمینی" کە چەند سزایەک بەرانبەر ئێران لەخۆی دەگرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، جۆ بایدن ئەم پەسەندکراوانەی ئەنجوومەنی پیران واژۆبکات.

ئەنجوومەنەکە رۆژی سێشەممە پشتیوانی خۆی لەو پرۆژەیاسانەیە دەربڕی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە پشتگیری کرابوو.

ئەمریکا بڕیارە بە بڕی 61 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا بکات، پنتاگۆن دەڵێت دەتوانن بەچەند رۆژ بەوڵاتەکەی بگەیەنن.

پرۆژەیاساکە بە 79 دەنگی بەڵێ بەرانبەر بە 18 دەنگی نەخێر لە ئەنجوومەنی پیران پەسەند کرا.

سەبارەت بە یاسای "ژینا"ش، ئەم یاسایە سەرەتا لە سێپتەمبەری ساڵی 2023 لە ماوەیەکی کورت دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کرا، بەڵام ئێستا بە پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیران و واژۆی جۆ بایدن دەبێت بە یاسا.

بەپێی یاسای ژینا، حکومەتی ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی گەمارۆ و سزا بخاتە سەر عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤەوە.

وێڕای ئەمەش ئەم پرۆژەیاسایە داوای سزاخستنەسەری دامەزراوەی "ڕابەری"، دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، بەرپرسانی دامەزراو لەلایەن رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران و تۆڕ و رێکخراو و ئەو کۆمپانیایەشی کە پەیوەستن بە خامنەییەوە.

بەپێی ئەم یاسایە، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرپرسە لەوەی لە ماوەی 90 رۆژدا وەڵامی کۆنگرە بداتەوە و هەموو ساڵێکیش لەبارەی نوێکردنەوە یان نوێنەکردنەوەی ئەم سزایانەی سەر ئێران روونکردنەوە بە ئەندامانی کۆنگرەی ئەمریکا بدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن