ئەمریکا داوایەک لە عیراق دەکات و هۆشداریش دەدات

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 508

راچڵەکین-

دوای هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد بە پێنج مووشەک و هاوکات هێرش بۆ سەر بنکەیەکی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە عیراق دەکات هەنگاو بگرنە بەر بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عیراق و سوریا.

پاش وەستانێکی سێ مانگە، هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا لە ماوەی 24 کاتژمێردا دوو جار بەجیا کەوتنە بەر هێرشی مووشەکی و درۆن. سوپای ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکان زیانی بەدواوە نەبووە و تێکشکێندراون.

پاتریک رایدەر، وتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بێ ئەوەی بەدیاریکراوی ئاماژە بەوە بکات کێ لە پشتی هێرشەکانەوە بووە، داوای لە بەغداد کرد کار بکات بۆ پاراستنی هێزەکانیان و هێرشەکان رابگیرێت.

رایدەر دەڵێت:" ئەم هێرشانە هێزی هاوپەیمانان و خودی عیراقیش دەخاتە مەترسییەوە، ئێمە داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر بەمەبەستی دڵنیایی لە پاراستنی ئاسایشی هێزەکانمان لە عیراق و سوریا، لەبەرانبەر هێرشی ئەو گرووپانە."


رایدەر بەئاشکرا هۆشداری لەبارەی بەردەوامبوونی هێرشەکان دەدات و دەڵێت، "ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، ئەوا لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان دوودڵ نابین."

ئەمریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عیراق و 900 سەربازی لە سوریا هەیە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدابوو کە محەممەد شیاع سودانی بەماوەیەکی کەم لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دێت.

سودانی بەڕاشکاوی رایگەیاند کە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە رەزامەندە بە مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عیراق، بەسەرکردایەتی ئەمریکا. لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی عیراق کە نزیکن لە ئێرانەوە چەندان جار بەراشکاوی داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکایان لە عیراق کردووو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن