ئەرژەنتین داوا لە ئینتەرپوڵ دەكات وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیربكات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 249


راچڵەكین-

وەزارەتی دەرەوەی ئەرژەنتین داوا لەپۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) دەكات، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیربكات.

بەووتەی بەرپرسانی بۆینس ئایرس، وەحیدی تۆمەتبارە بەتێوەگلان لە تەقینەوەی ناوەندێكی یەهودی لە پایتەختی ئەرژەنتین لەساڵی 1994.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرژەنتین ڕایگەیاندوە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران "لە ئێستادا ئەندامی ئەو شاندەی ئێرانە كە سەردانی پاكستان و سریلانكا"ی كردووە،ئینتەرپول لەسەر داوای ئەو وڵاتە، ئاگادارییەكی سوور-ی لە دژی دەركردوە.

ئەوەش هاتووە، ئەرژەنتین داوای لە پاكستان و سریلانكا كردووە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیر بكەن و رادەستی ئەو وڵاتەی بكەن.

لەساڵی 1992 دا لەئاكامی هێرشێك بۆسەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بۆینس ئایرس، 29 كەس كوژران، دووساڵ دواتر ناوەندێكی ئیسرائیلی بەناوی (ئامیا) كرایە ئامانج و بەهۆیەوە لانی كەم 85 كەس كوژران و 300ی تر برینداربوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن