ئیسرائیل هێرشێكی فراوان بۆسەر باشووری لوبنان ئەنجام دەدات

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 147

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل هێرشێكی فراوان بۆسەر باشووری لوبنان ئەنجام دەدات و لەڕێگەی فڕۆكەی سەربازی و تۆپبارانەوە دەیان پێگەی حزبوڵڵا بۆردومان دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی ئەو هێرشەی بڵاویكردەوە، كە هێزەكانیان بۆسەر پێگەكانی حزبوڵڵا لەناوچەی عیتا ئەلشەعب لەباشووری لوبنان ئەنجامیاندا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەڕێگەی تۆپباران و هێرشی فڕۆكەی جەنگییەوە 40 پێگەو بنكەی سەربازیی حزبوڵڵا كراونەتە ئامانج، لەوانەش ژمارەیەك عەمباری چەك و تەقەمەنی و سەربازگەو كارگەی دروستكردنی تەقەمەنی خاپوور كراون.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكردووە، هێرشە فراوانەكەی ئەمڕۆ بۆسەر حزبوڵڵای لوبنان، ئامانج لێی لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی ئەو حزبەو نەهێشتنی مەترسییەكانییەتی لەسەر سنووری باكووری ئیسرائیل.

تائێستا حزبوڵڵا هیچ زانیارییەكی لەبارەی زیانەكانی هێرشەكەی ئەمڕۆ بڵاونەكردووەتەوە.

راگەیەندراوەكەی سوپای ئیسرائیل، هاوكاتە لەگەڵ لێدوانەكەی یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، كە رایگەیاندبوو هێزەكانیان توانیوانە نیوەی سەركردەو فەرماندە سەربازییەكانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان لەناوببەن، ئاشكراشیكردبوو رۆژانی داهاتوو دەبێتە یەكلاكەرەوە لە كردەوە سەربازییەكانیان لە باشووری لوبنان.

لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە كەرتی غەززە، هێرش و بۆردومانەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵاش لەباشووری لوبنان بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوامە و بەپێی ئامارەكانیش، دەیان چەكداری حزبوڵڵا كوژراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن