حكومەتی هەرێم لەسەر بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران دێتەدەنگ

کوردستان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 242

راچڵەكین -

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نابێت هیچ بیانوو و پاساوێك بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بكرێتە بیانوو بۆ خەرج نەكردنی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم، دەشڵێت: حكومەتی هەرێم هیچ كات دژی بە بانكیكردنی ( تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبووە و نابێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم كورتەیەكی دەربارەی سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد كە سەردانێكی گرنگ بوو و كاریگەریشی لە سەر پێشخستن و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دەبێت.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێكی لە بارەی هەنگاوەكانی وەزارەتەكەی خستەڕوو بۆ مووچەی مانگی نیسان كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، بە فەرمی لیستی وردبینیكراو و پەسەندكراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە، كە چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بنێردرێت.

دواتر وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا كە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانكار ئامادەكرابوو، چەند میكانیزمێكی خستەڕوو بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتیەكانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێكردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەك دەستپێشخەری حكومەتی هەرێم بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێك كە بابەتی داهاتەكان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جەختی كردەوە كە نابێت هیچ بیانوو و پاساوێك بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بكرێتە بیانوو بۆ خەرج نەكردنی مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانكاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەركارە فیدڕاڵییەكان دەستنیشان كراوە وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
 
سەبارەت بە بابەتی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و حكومەتی هەرێم هیچ كات دژی بە بانكیكردنی( تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نەبووە و نابێت، لە مێژە وەك لە كارنامەی كابینەكە هاتووە بە كردارەكیی پرۆسەی بەبانكیكردن( تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێكراوە وەك هەنگاوێكی گرنگ بۆ پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە چالاكی بانكی و شەفافیەت لە چالاكییە داراییەكان وسوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانكارییانەی بانكەكان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەكەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشكەوتوو پەیڕەو دەكرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میكانیزمی بەبانكیكردنە نەك خودی پرۆسەكە،  ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێك لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەكە تەواو بكرێت لە ڕێگەی ئەو بانكە باوەڕپێكراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانكی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) كە گشت مەرج وپێداویستییەكانی بانكی ناوەندیان جێبەجێ كردووە و حكومەتی هەرێم تەنیا ڕۆڵی ئاسانكاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەكە بانكە ڕێپێدراوەكان ئەنجامی دەدەن كە هەندێكیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەكانی دیكەی عێراقیش بەشدارن. 

سەبارەت بە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتیش، حكومەتی هەرێم خوازیاری هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەك لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێكەوتبووین كە لە لایەن كۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەكەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانەی كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا كۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت كە لەمانگی یەكی ئەمساڵ ئیمزاكراوە بەڕەچاوكردنی بنەما دەستوورییەكان. 

لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات هاوتای ناوچەكانی دیكەی عێراق، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم لە بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەكان هاوتای ناوچەكانی دیكەی عێراق.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێك سەبارەت بە ئاسانكاریكردن بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەكانی بانكە پسپۆڕییەكان لای هاووڵاتییان (پێشینەكانی خانووبەرە، كشتوكاڵی ، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری) . 

هەروەها پەسەندكردنی چەند پێشنیارێك سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی قەرزی بانكە بازرگانییەكان و بابەتی ڕێژەی سوودی بانكیی سەر ئەم قەرزانەو ڕێكارەكانی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە بە گوێرەی یاسای چاكسازی.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد كە پێداچوونەوەی پێویست بكات لە چوارچێوەی ئەو پێشنیارانەی لە كۆبونەوەكە خرانەڕوو، لەگەڵ پۆڵێنكردنی پێشینەكان، بەجۆرێك كارئاسانیی پێویست بكرێت بۆ هاووڵاتییان كە ڕەچاوی پاراستنی بەرژەوەندی گەنجینەی گشتی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتی بكرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پەیڕەوی (پۆلێنكردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشكردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی كوردستان) خستەڕوو. 

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ پەیڕەوەكەی پەسەندی كرد، كە ئامانج لەم پەیڕەوە، پۆلێنكردنی بەڵێندەرانە لە هەرێم بەپێی پێوەرە كارپێكراوەكان لە بواری پسپۆریی و توانا و لێهاتوویی تەكنیكی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو كە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان، هەروەها مسۆگەركردنی هێنانەكایەی دادوەریی و شەفافیەت لە كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەكان و بێبەشكردنی ئەو بەڵێندەرانەی كە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەكەن لە بەشداریكردن لە گرێبەستە حكومییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن