توركیا وەڵامی راپۆرتەكەی ئەمریكا لەبارەی مافەكانی مرۆڤ دەداتەوە

جیهان

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 163

راچڵەكین -

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ناڕەزایی بەرامبەر ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان، دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت: ئەو بەشەی لەبارەی توركیا بڵاوبووەتەوە، بابەتی بێ بنەماو دوور لە ڕاستییە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕاپۆرتی مافەكانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2023 كە  رۆژی 22ی ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاوكراوەتەوەو لە 200 لاپەڕە پێكدێت، وەك ساڵی ڕابردوو، دووبارە لەبارەی توركیا بابەتی بێ بنەما، دوور لە راستی و دادوەری لە پێشینە دەبیندرێت.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا وێڕای ڕەتكردنەوەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە، كە وەك باسی كردووە، "سەرچاوەكان نادیارن و نووسینەكانیش لەسەر بنەمای گوتەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان داڕێژراوە"، رایگەیاندووە، وڵاتەكەمان سەرەڕای ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ڕەهەندەگەلێكی زۆری هەڕەشە تیرۆریستییەكان، پێداگریی لەسەر بنەماكانی دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دەكات.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، داوا لە ئەمریكا دەكات واز لە دووڕوویی بهێنێت و پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ ئەو لایەنانە بپچڕێنێت كە لەلاەن ئەنكەرەوە بە رێكخراوی تیرۆریستی دەناسێندرێن.

راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2023، چەندین پێشێلكاری مافی مرۆڤی لە وڵاتانی جیهان تۆماركردووە، لەوانەش توركیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن