عیراق رێوشوێنی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی دەگرێتەبەر

ئابوری

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 155

راچڵەكین -

حكومەتی عیراق هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی لە دەرەوە، چڕدەكاتەوە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكییش لە سەردانێكدا بۆ سویسڕا، داوا لە وڵاتانی جیهان دەكات هاوكاری بەغدا بكەن لە وەرگرتنەوەی پارەكانی.

دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، حەیدەر حەنون، سەرۆكی دەستەكە لە سەردانێكیدا بۆ سویسڕا، لەگەڵ بەرپرسانی نەهێشتنی گەندەڵی لەهەردوو وەزارەتی دەرەوەو داد-ی ئەو وڵاتە كۆبووەوەو داوای لێكردن هاوكاریی بەغدا بكەن لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لەرابردوودا بەشێوەی نایاسایی براونەتە دەرەوەو لە بانكەكانی ئەوروپا سپێردراون.

حەیدەر حەنون، كە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی سندوقی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی عیراقە، رایگەیاند: پێویستە سەرجەم ئەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی كردووە، پاڵپشتی عیراق بكەن لەڕێگەی ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و پێدانی هاوكاری یاسایی لەپێناو وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی كە بەنایاسایی رەوانەی دەرەوە كراون، وتیشی:" دەمانەوێ زانیاریی تەواومان لەبارەی ئەو حساب بانكییانە دەستبكەوێت كە گەندەڵكاران لە بانكەكاندا كردوویانەتەوەو پارە دزراوەكانیان تێیدا شاردووەتەوە".

بەگوێرەی داتاكانی حكومەتی عیراق، لەماوەی ساڵانی رابردوودا، دەیان ملیار دۆلار بەشێوەی نایاسایی لەلایەن گەندەڵكارانەوە رەوانەی بانكەكانی دەرەوە كراون، تائێستاش توانراوە بەشێك لەو پارە دزراوانە بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و چەندین كەسیش بەتۆمەتی تێوەگلان لەو گەندەڵییە، دەستگیركراون و بەشێكیان ئێستا لە زیندانن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن