ئێران لەگەڵ چین و روسیا هەڕەشە دەکەن و هاوکاری سەربازی نێوانیشیان زیاتر کرد

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 246

راچڵەکین-

وەزیری بەرگری ئێران جەختی لە هاوکاری سەربازی زیاتر لەگەڵ چین و قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا کردەوە. هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکەن لە ئەگەری دروستبوونی مەترسی بۆ سەر هەرلایەکیان هاوکاری سەربازییان دەگەیەننە بەرزترین ئاست.

محەممەدرەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە میانی بیست و یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری رێکخراوی "هاوکاری شەنگهای"، لە پایتەختی کازاخستان، لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی بەرگری چین و رووسیا گفتوگۆی کردووە.


میدیاکانی ئێران باسیان لەوە کردووە، لە دیدارەکەی وەزیری بەرگری ئێران و چین، هەردوولا جەختیان لە هاوکاری سەربازی و نزیکبوونەوەی زیاتر کردووەتەوە.


وەزیری بەرگری ئێران هاوکات لە دیداری لەگەڵ وەزیری بەرگری رووسیاش رایگەیاند، کە پەیوەندی ئێران و رووسیا لە قووڵبوونەوە و فراوانبوونی زیاترە و دەگاتە ئاستێکی نوێ.


وەزیری بەرگری رووسیاش رایگەیاند، پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و لە ئەگەری دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر هەردوو وڵات، هاوکارییەکان بەڕادەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.


هاوکات محەممەدڕەزا ئاشتیانی، سوپاسی وەزیری بەرگری رووسیای کرد بەهۆی ئەوەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەیان لە دیمەشق، پشتیوانی لە ئێران کرد.


کۆبوونەوەی رێکخراوی " هاوکاری شەنگهای"، لە شاری ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو. لەم رێکخراوە ناوچەییەدا، رووسیا، هیند، چین، ئێران، پاکستان، کازاخستان، ئۆزبەکستان، قرقیزستان و تاجیکستان ئەندامن.

سەرۆکی گشتی رێکخراوی پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور ناسراو بە "ناتۆ"، لە بارەی نزیکبوونەوەی ئەم هێزانە هۆشداری دا و رایگەیاند ئەم هێزانە "دژ بە دیموکراسی رۆژئاوا"ن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن